خهندان-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، ئەو کەسەی هێرشیکردبوە سەر کەسێکی دەرون نەخۆش، لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکرا و لەئێستاشدا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا ئەنجامدەدرێت.
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوەوە کە وا تۆمەتبارێک هێرش دەکاتە سەر کەسێکی دەرون نەخۆش و لێی دەدات، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بنکەی پۆلیسی سەرای ڕاسپارد کە بەدواداچون و لێکۆڵینەوەی بەپەلە بکەن بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار".
توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن بنکەی پۆلیسی سەرا دەستگیربکرێت
ئاماژەی بەوەشکردوە، "دوای گەڕان و بەدواداچونەکان توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن بنکەی پۆلیسی سەرا دەستگیربکرێت کە هێرشی کردبوە سەر هاوڵاتییەکی دەرون نەخۆش بەناوی (د،ع،ع ) و لێی دابو".
ئەوەشیخستەڕو، "لە ئێستادا تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە".