په‌رله‌مانتارێك: 10 كه‌س لەسەر بەهەدەردانی 505 ملیار دینار دادگایی دەکرێن

03:48 - 19/03/2023

2343جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سۆران عومه‌ر، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، لەسەر بەهەدەردانی 505 ملیار دینار 10 کەسی بانکی شمال، بانکی ناوەندی هەنگاوی کرداری دەستپێکرد لەدادگای لێکۆڵینەوەی کەڕادە بۆ دادگاییکردنی 10 کەس لەوانەی کە بەرپرسیارن، ده‌ستپێكرد.

هەنگاوی کرداری لەدادگای لێکۆڵینەوەی کەڕادە دەستیپێکرد
سۆران عومه‌ر له‌ نوسینێكدا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ بڵاویكردوه‌، "بانکی شیمال یەکێک لەو بانکانەی کە لەماوەی ڕابردودا دۆسێکەیانم ئاراستەی بانکی ناوەندی کرد لەسەر بەهەدەردانی 505 ملیار دینار، دەستخۆشیم بۆ بانکی ناوەندی کە هەنگاوی کرداری دەستپێکرد لەدادگای لێکۆڵینەوەی کەڕادە بۆ دادگاییکردنی 10 کەس لەوانەی کە بەرپرسیارن لە بەهەدەردانی ئەو 505 ملیار دینارەو چەندین کەسی دیکە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوەو چەندینی دیکەش بانگێشت دەکرێت و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن لەکەیسی بانکی شمال". 
هه‌شت كه‌س بەرپرسیارن لە بەهەدەردانی زیاتر لە 350 ملیار دینار

به‌پێی وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، هه‌شت كه‌س بەرپرسیارن لە بەهەدەردانی زیاتر لە 350 ملیار دینار و ده‌ڵێت، "چاکسازی لە سیستمی بانکی لە کارەگرنگ و لەپێشینەکانە بۆ ڕێگری لەسپێکردنەوەی پارەو زیان گەیاندن بەئابوری وڵات، بونی ئەو ژمارە زۆرەی بانک لە عێراق بەداخەوە بەشێکیان بۆنەتە ھۆی زیانی گەورە لە ئابوری و گەشەپێدان و وەبەرھێنان لەکاتێکدا دەبو خزمەتی گەورەی ژێرخانی ئابوری و بوژانەوەی پیشەسازی و وەبەرھێنان بونایە لە عێراق".