خهندان-
وتەبێژی فەرمی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، شاندێکی باڵا بەمەبەستی دانوستان لەسەر دۆسیەی بەردانەوەی پشکی ئاو بۆ عێراق دەچێتە تورکیا، هۆکاری کەمکردنەوەی پشکی ئاویش بۆ نەبونی یاسایەک یان ڕێکەوتنێک دەگەڕێتەوە کە گەرەنتی ڕێژەیەکی دیاریکراوی ئاو بۆ عێراق بکات.
خالد شەماڵ وتەبێژی فەرمی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تورکیا کاریکرد بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەی بەنداوەکانی بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێویستی عێراق بۆ ئاو، لەماوەی چەند رۆژی داهاتوشدا شاندێکی باڵای عێراق بەرەو تورکیا بەڕێدەکەون بەمەبەستی دانوستان لەسەر پرسی بەردانەوەی ڕێژەی پێویستی ئاو بۆ عێراق.
هۆکاری کەمکردنەوەی پشکی عێراق لە ئاو، نەبونی یاسایەک یان ڕێککەوتنێکە
وتیشی، "هۆکاری کەمکردنەوەی پشکی عێراق لە ئاو، نەبونی یاسایەک یان ڕێککەوتنێکە کە گەرەنتی ڕێژەیەکی دیاریکراوی ئاو بۆ عێراق بکات، دۆسیەی دانوستانیش لەگەڵ تورکیا زۆر لایەنی دیکەی نێوان هەردو وڵات لەخۆدەگرێت".
قەیرانی ئاوی ئەم دواییە لە ئەنجامی کەمی ئاوی بەنداوی موسڵ ڕویدا
وتەبێژی فەرمی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو باسی لەوەشکرد، "قەیرانی ئاوی ئەم دواییە لە ئەنجامی کەمی ئاوی بەنداوی موسڵ ڕویدا، جگە لەو رێژە گەورەیەی کە لە بەنداوی حەدیسە تۆمارکرا کە روبەڕوی بێئاوی بۆوە".
پێشتریش وائیل عەبدوللەتیف ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبو، عێراق لەگەڵ تورکیا سیاسەتێکی هەڵە پەیڕەو دەکات و هەمو ئەو گفتوگۆیانەی لە نێوان ئەو دو لایەنەدا ئەنجام دراون، کاریان پێناکرێت، چارەسەرەکە لەوەدایە کە حکومەت کارتی ئابوری بەکاربێنێت بە داخستنی سنورەکانی لەگەڵ تورکیا.