سەرۆک بەرهەم: هەڵەبجە بەرجەستەکاری نەهامەتییەکانی خەڵکی کوردستانە

11:28 - 16/03/2023

1301جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری پێشوی عێراق بۆ تێپەڕبونی 35 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، لە دیداری سلێمانی وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، هەڵەبجە بەرجەستەکاری نەهامەتییەکانی خەڵکی کوردستانە و بەهەمو جیهانیشی نیشاندا کە ستەمکاری هەرچەندە درێژەی هەبێت، دەبڕێتەوە و لەکۆتاییشدا سەرکەوتن هەر بۆ خەڵکی و مافەکانی دەبێت.

هەڵەبجە برینێکی قوڵی ساڕێژنەبوە

د.بەرهەم ساڵح لە وتارێکدا کە ئەمڕۆ لە دوەمین رۆژی دیداری سلێمانی پێشکەشی کرد، ئاماژەی بەوەشکرد، 35 ساڵە "هەڵەبجە سیمبولی دڕندەیی و کوشتاری رژێمەکەی سەدام حسێن و بەرجەستەکاری بەسەرهاتی خەڵکی کوردستانە، ئێستاش هەڵەبجە برینێکی قوڵی ساڕێژنەبوە و هەتاهەتایە پەیامی هەڵەبجە کە پەیامی روبەڕوبونەوەی ستەمکاری و ناعەدالەتییە، سەلماندی کە زەبروزەنگ و سەرکوتکردن چەندە درێژەی هەبێت، هەر دەبڕێتەوە".

لە کۆتاییدا سەرکەوتن هەر بۆ خەڵک و مافەکانی دەبێت

وتیشی، "سەرئەنجام هەڵەبجە زیندو و سەرکەوتوە و ئیرادەی خەڵک لە راماڵینی رژێم و کۆتاییهێنان بە ستەمکاری گەیشتە ئەنجام، هیوادارین ئەمڕۆش لەیادی هەمومان بێت کە زوڵم و زۆرداری هەرچەندیش بەردەوام بێت، بەرئەنجامی نابێت و لە کۆتاییدا سەرکەوتن هەر بۆ خەڵک و مافەکانی دەبێت".

35 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسی روخاو تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ 16ی ئازار، 35 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسی روخاو تێدەپەڕێت کە بوە هۆی شەهیدبونی زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی شارەکە، بۆ یادکردنەوەی ئەو روداوەش ئەمساڵ چەند رێوڕەسمێک لەپارێزگاکەدا بەڕێوەچو.