خەندان-
ئەمڕۆ پێنجشەممە کارەکانی دوەمین رۆژی دیداری سلێمانی دەستیپێکرد و تیایدا گۆڕانکارییەکانی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار، دۆخی عێراق، یادکردنەوەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، هەنگاوەکانی چاکسازی لە حکومڕانیدا، ژینگە و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و هەنگاوەکان بۆ دروستکردنی وڵاتێکی سەقامگیر لە شەش پانێڵدا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
سەرکردەکانی کوردستان و عێراق لەدیداری سلێمانی بەشدارن
لە دوەمین رۆژی دیداری سلێمانی ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و نێردەی دیپلۆماسی وڵاتانی جیهان بەشدار دەبن، هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسانی پسپۆڕ و توێژەرانی نیودەوڵەتی تایبەتمەند لەبوارەکانی ئاسایش، وزە، حکومڕانی، ژینگە، روبەڕوبونەوەی گروپەکانی تیرۆر، ئاو، شارەزای ئابوری و پسپۆڕانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئامادە دەبن.
باس لە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر عێراق دەکرێت
لەدوەمین رۆژی دیداری سلێمانی شەش پانێڵ بەڕێوەدەچن و تیایدا باس لە سیاسەتی دارایی عێراق و هەنگاوەکانی بانکی ناوەندی دەکرێت بۆ جێگیرکردنی نرخی دراو، هەروەها باس لە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر عێراق و کەمبونەوەی سەرچاوەکانی ئاو دەکرێت، لە پانێڵەکانی دیکەشدا گفتوگۆ لەسەر چاکسازیی لە حکومڕانی و پاراستنی ئاسایشی عێراق دەکرێت.
گەورەترین دیداری سیاسیە لە هەرێم و عێراق
دیداری سلێمانی، گەورەترین دیداری سیاسیە لە هەرێم و عێراق کە بەبەشداری سەرکردەو کەسایەتییە سیاسییە کاریگەر و بڕیاربەدەستەکان لەسەر ئاستی گۆڕەپانی سیاسی و دەوڵەتداری و باڵیۆز و نێردەو دیپلۆماتکارانی وڵاتان بەڕێوەدەچێت.
تیشک دەخرێتە سەر پرسە سیاسییەکان لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق
لە دیداری سلێمانیدا تیشک دەخرێتە سەر پرسە سیاسییەکان لەسەر ئاستی هەرێم، عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای باشور کە لەلایەن پەیمانگای لێكۆڵینەوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان (IRIS) لە زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی بەڕێوە دەبرێت.