خەندان-
ئەمڕۆ 16ی ئازار 35 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسی روخاو تێدەپەڕێت کە بوە هۆی شەهیدبونی زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی شارەکە، بۆ یادکردنەوەی ئەو روداوەش ئەمساڵ چەند رێوڕەسمێک لەپارێزگاکەدا بەڕێوەدەچێت.
تەواوی دانیشتوانەکەی لە چنگی مەرگ بەرەو شارەکانی ئێران رۆیشتن و ئاوارە بون
16ی ئازاری ساڵی 1988 و لە دواهەفتەکانی وەرزی زستانی ئەو ساڵەدا، شاری هەڵەبجە کەوتە بەرهێرش و شاڵاوی رژێمی بەعسی روخاو و لە رێگەی چەندین فڕۆکەی جەنگییەوە چەکی کیمیاوی کۆکوژی بەسەر خەڵکی شارەکەیدا داباراند، لە ئەنجامیشدا زیاد لە پێنج هەزار هاوڵاتی مەدەنی شەهید بون و هەزاران کەسیش بریندار بون، هەروەها تەواوی دانیشتوانەکەی لە چنگی مەرگ بەرەو شارەکانی ئێران رۆیشتن و ئاوارە بون.
کۆڵنەدان و ژیاندۆستی خەڵکی شارەکە رێگری لەو هەوڵەکرد و جارێکی دیکە شارەکە گەشەی پێدرایەوە
هەرچەندە دوای کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، رژێمی بەعس هەوڵیدا دور لە چاو راگەیاندنە جیهانییەکان، سیمای شارستانیەت وبەردەوام بونی ژیان لە شارەکەدا بسڕێتەوە، بەڵام کۆڵنەدان و ژیاندۆستی خەڵکی شارەکە رێگری لەو هەوڵەکرد و جارێکی دیکە شارەکە گەشەی پێدرایەوە.
13ی ئازاری ساڵی 2014 حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە پارێزگابونی هەڵەبجەی دەرکرد
رۆژی 13ی ئازاری ساڵی 2014 حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە پارێزگابونی هەڵەبجەی دەرکرد و دواتریش پەرلەمانی کوردستان شارەکەی وەکو پایتەختی ئاشتی ناساند، لە ئێستاشدا هەڵەبجە چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان و 19مین پارێزگای عێراقە.
دەبێت لەمەودوا ھەڵەبجە بە راستی بکرێتە ناسنامەی گەلی کوردستان
پەیوەست بە هەوڵەکانیش بۆ بەجینۆساید ناساندنی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان دەڵێت، دوای تێپەڕبونی 35 ساڵ بەسەر کیمیابارانی هەڵەبجەی شەهید تائێستا هەوڵەکان بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو تاوانە لەئاستی پێویستیدا نین و دەبێت لەمەودوا ھەڵەبجە بە راستی بکرێتە ناسنامەی گەلی کوردستان و، بخرێتە ئەجندای دیپلۆماسی بەئامانجی ناساندنی لەئاستی جیهان.