یەکێتی نوسەرانی جینۆساید: هەرێم بەرامبەر دۆسیەی کیمیابارانی هەڵەبجە کەمتەرخەمە

07:04 - 15/03/2023

2053جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان رایدەگەیەنێت، دوای تێپەڕبونی 35 ساڵ بەسەر کیمیابارانی هەڵەبجەی شەهید تائێستا هەوڵەکان بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو تاوانە لەئاستی پێویستیدا نین و دەبێت لەمەودوا ھەڵەبجە بە راستی بکرێتە ناسنامەی گەلی کوردستان و، بخرێتە ئەجندای دیپلۆماسی بەئامانجی ناساندنی لەئاستی جیهان.

تا ئێستاش نەتوانراوە ئەم پرسە وەک تاوانی جینۆساید بەفەرمی بناسرێت 

یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا کە بەبۆنەی 35 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەی شەهید بڵاویکردوەتەوە، ئەوەشی خستوەتەڕو، پاش تێپەڕبونی سی و پێنج ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ئەم تاوانە، تا ئێستاش نەتوانراوە لەنێو ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا ئەم پرسە وەک تاوانی جینۆساید بەفەرمی بناسرێت و قەرەبوی زیانە گیانی و مادییەکانی قوربانیان بکرێتەوە.

پێویستە عێراق تەواوی قەرەبوی زیانە گیانی و مادییەکانی ئەم تاوانە بداتەوە

ئاماژەی بەوەشکردوە، پێویستە فشار بکرێت لەسەر حکومەتی عێراقی فیدراڵ بۆ ئەوەی ناوەڕۆکی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان کە لە 2010/1/27 دەرچوە، جێبەجێبکات و تەواوی قەرەبوی زیانە گیانی و مادییەکانی ئەم تاوانە بداتەوە.

یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان دەڵێت، پێویست هەوڵ بدرێت بۆ دادگایی کردنی ئەو کۆمپانیایانەی بیانی کە یارمەتی رژێمی بەعسیان دا لە بەرھەم ھێنانی چەکی کیمیایی، جگەلەوەش بایەخ بە توێژینەوەو نوسین و بڵاوکردنەوە بەھەمو زمانەکانی دونیا لەسەر کیمیابارانی ھەڵەبجە بەھەمو رەھەندەکانیەوە بدرێت.

راگەیەنراوی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان: 


یادی 35 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەی شەهید

ھەڵەبجە، تەنیا شارێک نیە، بەڵکو گۆی زەوی بچوککراوەیە. تاوانی کیمیابارانی ھەڵەبجە لە دوای جەنگی جیھانی دووەم گەورەترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیە. جیھان ھێشتا لە گەورەیی تاوانەکە نەگەیشتوون، ھەروەھا بەھۆی کەمتەرخەمیەوە پێ ئەچێ دەسەڵات لە کوردستان و عیراقیش لەگەورەیی و مەترسیداری تاوانەکە نەگەیشتبن.

ئەگینا ئەم ھەموو خەمساردی و بێ باکیە بەرامبەر بەم دۆسیەیە بۆ؟
لەبەرامبەر خەڵکی کوردستان و ھەڵەبجەو بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی بۆ؟
لەم رۆژەدا کە یادی قوربانیەکان دەکەکەینەوەو تاوانەکە بیر دەھێنینەوە

ئەم پرسیارانەش دەکەین. لە رووی مێژووییەوە ٣٥ ساڵ لەمەوبەر، ڕژێمی بەعسی عێراقی بە چەندین جۆر لەچەکی کییماویی بۆ سەر هاوڵاتی بێدیفاعی شاری هەڵەبجە، جارێکی دیکە گەلەکەمان ڕوبەڕووی جینۆساید بویەوە.لەئەنجامی ئەم هێرشە دژە مرۆڤایەتیە بە هەزاران شەهید و برینداری لێکەوتەوە.

لەم ڕۆژەدا گەلەکەمان لەشاری هەڵەبجە بە چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی ( بۆمبی ناپاڵم و بۆمبی گازی سیانید و خەردەل و ڤی ئێکس )کۆمەڵکوژ کرا.

پاش تێپەڕبوونی سی و پێنج ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ئەم تاوانە، تا ئێستاش نەتوانراوە لەنێو ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا ئەم پرسە وەک تاوانی جینۆساید بەفەرمی بناسرێت و قەرەبووی زیانە گیانی و مادییەکانی قوربانیان بکرێتەوە.

بەداخەوە لەسەر ئاستی ناخۆش،حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک پێویست بەدەم داخوازییەکانی قوربانیان نەهاتووە.

ئێمە لە یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان دەخوازین:

+ دۆسیەی جینۆسایدی گەلەکەمان بە فراوانی بخرێتە بەرنامەی قناغەکانی خوێندن لەهەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا.

+ حکومەتی عێراقی فیدراڵ ناوەڕۆکی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان کە لە ٢٠١٠/١/٢٧ دەرچوە جێبەجێ بکات و تەواوی قەرەبووی زیانە گیانی و مادییەکانی ئەم تاوانە بداتەوە.

+ ھەڵەبجە بە راستی بکرێتە ناسنامەی گەلی کوردستان و بخرێتە ئەجندای دیبلۆماسی بەئامانجی ناساندن.

+ ھەوڵدان بۆ دادگایی کردنی ئەو کۆمپانیایانەی بیانی کە یارمەتی رژێمی بەعسیان دا لە بەرھەم ھێنانی چەکی کیمیایی.

+ بایەخدان بە توێژینەوەو نوسین و بڵاوکردنەوە بەھەموو زمانەکانی دونیا لەسەر کیمیابارانی ھەڵەبجە بەھەموو رەھەندەکانیەوە.

+ با میدیای کوردستانی تەنیا لە ٣/١٦ دا دەنگ و رەنگ ھەڵنەبڕێت. بەبەردەوامی کار لەسەر ئەم ناسنامە بکات.

بەرزو بەڕێز بێت یادی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە

نیشانەکردن

هەڵەبجە