هەواڵی ئەمڕۆ

وادەی جێگیربونی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار ئاشکرادەکرێت

04:51 - 14/03/2023

36346جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوێنێ دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی و شارەزایانی ئابوریش دەڵێن، دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە بە قۆناغ نرخی دۆلار لە بازاردا زیاتر دادەبەزێت و نزیک دەبێتەوە لە نرخی فرۆشتنی فەرمی کە  100 دۆلار بە 132 هەزار دینارە.

پڕۆژەی بودجە کاریگەری گەورەی لەسەر جێگیربونی نرخی دۆلار دەبێت 

نەبیل جەبار تەمیمی، شارەزای ئابوری و دارایی عێراق رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە قۆناغی داهاتودا نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار زیاتر ڕو لە دابەزین بکات، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەنگیدا لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە کە تیایدا نرخی 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار جێگیرکراوە، لەم کاتەشدا زۆرێک لە شارەزایان چاوەڕوانن لەرێگەی پڕۆژەی بودجەوە نرخی فەرمی دۆلار بەرامبەر دینار جێگیر بکرێت.

بە قۆناغ نرخی دۆلار لە بازاردا زیاتر دادەبەزێت

ئەوەشی خستوەتەڕو، دوای ئەوەی پەرلەمان یاسای بودجەی پەسەندکرد، نرخی دۆلار لە بازاردا جێگیربونی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و نزیک دەبێتەوە لەو نرخەی حکومەت بۆ فرۆشتنی دۆلار لە بازارەکانی ناوخۆدا دیاریکردوە.

زنجیرە بڕیارەکانی بانکی ناوەندی نرخی دۆلاری دابەزاند 

ئەو شارەزایەی دۆخی ئابوری باوەڕی وایە رێکارەکانی حکومەت بۆ جێگیرکردنی نرخی دۆلار لە بازار و زنجیرە بڕیارەکانی بانکی ناوەندی عێراق، وەک هەنگاوی جددی دەبینرێن و تا ئاستێک توانیویانە نرخی دۆلار کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام بەپەسەندکردنی پڕۆژەی بودجەی 2023 و2024 و2025 کە قەبارەکەی زیاتر لە 197 تريليۆن دينارە، ئاسانکاری تەواو دەکات بۆ دابەزاندنی زیاتری نرخی دۆلار.

نیشانەکردن

دۆلار دراو