خهندان-
ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا زیاتر لە هەزار و 100 کەس لە نێو هێزەکانی ڕوسیا لە شەڕەکانی نزیک شاری باخموت کە چەقی شەڕەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیایە کوژراون.
ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی لە وتارەکەیدا کە ڕۆژانە لە رێگەی تۆماری ڤیدیۆییەوە بڵاویدەکاتەوە رایگەیاندوە، "لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا کە لە 6ی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات تا ئەمڕۆ توانیمان تەنها لە کەرتی باخموت زیاتر لە هەزار و 100 سەربازی دوژمن بکوژین".
زیاتر لە هەزار و 500 سەربازی دیکەی روسیا برینداربون
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەر لە روبەڕوبونەوەکاندا زیاتر لە هەزار و 500 سەربازی دیکەی روسیا برینداربون، جگە لەوەش دەیان چەک و تەقەمەنیان لەبەرەکانی شەڕ بەجێماون و کەوتونەتە دەست هێزەکانی ئۆکرانیا، هەروەها چەندین تانک و چەکی قورسیشیان تێکشکێندراون".
سەرۆکی ئۆکرانیا جەختیشی لەسەر توانای هێزەکانی وڵاتەکەی بۆ بەرەنگاربونەوەی سوپای روسیا کردۆتەوە و لەبەرامبەر بەرگریکردنیشیاندا سوپاسی کردون.
تاوەکو ئێستا وەزارەتی بەرگری روسیا زانیاریەکانی سەرۆکی ئۆکرانیای پشتڕاستنەکردۆتەوە و هیچ رونکردنەوەیەکیشی لەوبارەیەوە نەداوە.