خهندان-
سەرچاوەیەک لە بانکی ئەقلیمی بازرگانی (RT Bank) بە خەندان-ی راگەیاند، لەسبەینێوە بەمیکانیزمێکی نوێ پێدانی دۆلار بەنرخی فەرمی بانکی ناوەندی لە شاری هەولێر دەستپێدەکاتەوە، هاوڵاتیان بەر لە 48 کاتژمێر لە گەشتکردنیان، دەتوانن فۆڕمێک پڕبکەنەوە و دواتریش لەکاتی گەشتکردن پارەکانیان لە فڕۆکەخانە وەربگرن.
سەرچاوەیەک لە بانکی ئەقلیمی بازرگانی (RT Bank) بە خەندان-ی راگەیاند، لەسبەینێ دوشەممەوە فرۆشتنی 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار بە هاوڵاتیان دەستپێدەکاتەوە کە لەماوەی رابردودا بەهۆی دروستبونی قەرەباڵغی و لۆدێکی زۆر لەسەر لقی بانکەکەیان لەشاری هەولێر راگیرابو.
میکانیزمی ئەمجارە جیاوازە بۆ رێگریکردن لەدروستبونی قەرەباڵغی و لۆد لەسەر بانکەکەمان
وتیشی، "میکانیزمی ئەمجارە جیاوازە بۆ رێگریکردن لەدروستبونی قەرەباڵغی و لۆد لەسەر بانکەکەمان، بۆئەو مەبەستەش لینکێک دیاریکراوە کە سبەینێ کارا دەبێت، هاوڵاتیان فۆڕمێک پڕدەکەنەوە، دوای پڕکردنەوەی فۆڕمەکە سەرەیان بۆ دەنوسرێت کە چ کاتێک سەردانی بانک بکەن، بۆئەو مەبەستەش لەڕێگەی کورتەنامەیەکەوە ئاگاداردەکرێنەوە و کۆدیان بۆ رەوانە دەکرێت".
هاوڵاتی بەرلەوەی گەشتەکەی بکات واتە 48 کاتژمێر پێش گەشتەکەی دەتوانێت فۆڕمەکە پڕبکاتەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، هاوڵاتی بەرلەوەی گەشتەکەی بکات واتە 48 کاتژمێر پێش گەشتەکەی دەتوانێت فۆڕمەکە پڕبکاتەوە، لەماوەیەکی کەمدا واتە بەر لە تەواوبونی 48 کاتژمێرەکە، کۆدەکەی بۆ رەوانە دەکرێت و دەتوانێت سەردانمان بکات، پاشانیش کە پسوڵەی تایبەتی وەرگرت، لەکاتی گەشتەکەی و لەفڕۆکەخانە دەتوانێت پارەکەی وەربگرێت".
بەگوێرەی بڕیاری بانکی ناوەندی، بڕی حەوت هەزار دۆلار بەنرخی فەرمی واتە 100 دۆلار بەرامبەر بە 132 هەزار دینار دەدرێتە ئەو کەسانەی گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن، هەروەها بڕی سێ هەزار و 500 دۆلاریش دەدرێتە هەر عومرەکارێک کە سەردانی سعودیە بکات.
لەم لینكەوە هاوڵاتیان دەتوانن فۆڕم پڕبكەنەوە.. سبەینێ دوشەممە كارا دەكرێت