خەندان-
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەیان رێکارەکانی بەپارێزگابونی هەڵەبجەی تەواوکردوە و لەم کاتەدا چاوەڕێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە بۆ ئەوەی وەک پارێزگایەکی تازە رایبگەیەنێت و لەبودجە و هەنگاوە کارگێڕییەکانی دیکەدا وەک پارێزگا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
بەپارێزگابونی هەڵەبجە پێویستی بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە
بەگوێرەی نوسراوێک کە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، وەڵامی سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراقی داوەتەوە، ئاماژەی بەوەکردوە، وەزارەتی پلاندانان رێکارەکانی بە پارێزگابونی هەڵەبجەی تەواوکردوە و لەئێستادا چاوەڕێی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانە بۆ ئەوەی وەک پارێزگایەکی عێراق رایبگەیەنێت.
داوا دەکەین لە 16ی ئازاردا بەپارێزگابونی هەڵەبجە رابگەیەنرێت
لای خۆیەوە سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە نوسراوەکەیدا کە ئەمڕۆ ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی کردوە، داوای لێکردوە وەک دیارییەک بۆ قوربانیدانی دانیشتوانی هەڵەبجە، پێش ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە لە 16ی ئازاری ئەمساڵدا، بڕیاری بە پارێزگابونی هەڵەبجە پەسەند بکات.
حکومەتی عێراق پێداگرە لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەبجە وەک پارێزگایەک
رۆژی 2023/1/3ش، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای کۆتاییهاتنی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، حکومەتی عێراق پێداگرە لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەبجە وەک پارێزگایەکی عێراق و لە قۆناغی داهاتوشدا لەرێکارە کارگێڕییەکاندا ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکات.
هەڵەبجە شایستەی خزمەتی زیاترە
ئەوەشی خستەڕو، پارێزگای هەڵەبجە شایستەی خزمەتی زیاترە و ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە پشتیوانی شارەکە و خەڵکەکەی بێت، چونکە خەڵکی هەڵەبجە قوربانییەکی زۆری بەخشیوە.
شارەکە پێویستی زیاتری بە تەواوکردنی فەرمانگەکان و خزمەتگوزاری زیاتر هەیە
هەڵەبجە لە ساڵی 2014ەوە بوە بەپارێزگا، بەڵام تاوەكو ئێستە كۆمەڵێك ناوەندی حكومی و ناحكومی لێنەكراوەتەوە، بەرپرسانی هەڵەبجەش دەڵێن، لەئێستادا شارەکە پێویستی زیاتری بە تەواوکردنی فەرمانگەکان و خزمەتگوزاری زیاتر هەیە.