خهندان-
ژمارەیەک لەچین و توێژەکانی پارێزگای هەڵەبجە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بەخراپی بارودۆخی پارێزگاکەیان دەربڕی و رایانگەیاند، "رۆژی 14ی ئەم مانگە خۆپیشاندان دەستپێدەکەن و بەهەمو شێوەیەکیش بایکۆتی 35ەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شارەکەیان دەکەن".
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە دوای کۆبونەوەیەکی راوێژکاری بەبەشداری ژمارەیەک لە نوێنەرانی چین و توێژە جیاوازەکانی هەڵەبجە و کۆمەڵەی قوربانیان، بڕیاردرا رۆژی 14ی (ئازار/3)ی 2023 خۆپیشاندانێکی بەرفراوانی جەماوەری رێکبخرێت و داواکانی خەڵکی شارەکە بخرێنەڕو.
بڕیاردرا رۆژی 14ی ئەم مانگە نیگەرانی و ناڕەزایەتیەکان لەچوارچێوەی خۆپیشاندانێکی بەرفراوانی هەمەلایەنە بخرێنەڕو
لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا، نوێنەری چین و توێژەکان رایگەیاند، لەکۆبونەوەکەماندا چوار خاڵی سەرەکیمان تاوتوێکرد و گەیشتینە ئەنجام، خاڵی یەکەمیش ئەوەیە، لەئەنجامی نیگەرانی هەمەلایەنەی سنوری پارێزگای هەڵەبجە، بڕیاردرا رۆژی 14ی ئەم مانگە نیگەرانی و ناڕەزایەتیەکان لەچوارچێوەی خۆپیشاندانێکی بەرفراوانی هەمەلایەنە بخرێنەڕو.
کۆمەڵەی قوربانیان و خەڵکی هەڵەبجە بەشداری هیچ جۆرە چالاکیەکی ساڵیادی کیمیاباران ناکەن
وتیشی، "خاڵی دوەمیش، کۆمەڵەی قوربانیان و خەڵکی هەڵەبجە بەشداری هیچ جۆرە چالاکیەکی ساڵیادی کیمیاباران ناکەن کە دەسەڵات لە هەڵەبجە رێکیخستبێت، خاڵی سێیەمیش بڕیارماندا بە دروستکردنی ئەنجومەنێکی گشتگیر لەسەرجەم چین و توێژەکانی هەڵەبجە بۆئەوەی نوێنەرایەتی راستەقینەی شارەکە بکەن لەهەرێم و عێراق و ئاستی نێودەوڵەتی و داواکاریەکانی خەڵکی هەڵەبجە بگەیەنن".
ئاماژەی بەوەشکرد، "خاڵی چوارەم، سەرەڕای ئەوەی ناڕەزایەتی بەشداربوان لەبەڕێوەبردنی ئێستای هەڵەبجە لەلایەن کاربەدەستانی ئێستاوە بەیانکرا، پێشنیازی جۆراوجۆر خرایەرو کە هەنگاوی زیاتر لەداهاتودا دەگرینەبەر".