خەندان
سالار مەحمود، ئەندامی خولی پێشوتری پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هاوکاریکردنی ژمارەیەک کۆمپانیای وڵاتانی رۆژئاوا بە پێدانی چەک و کەرەستەی کیمیایی بە عێراق لەسەردەمی رژێمی بەعسی روخاو بەبەڵگەوە لە دادگای تاوانەکان سەلمێنراون و هەڵگیراون، لەئێستاشدا بەرپرسیاریەتی راستکردنەوەی ھەڵەکان و جینۆسایدی کورد دەکەوێتە ئەستۆی وڵاتانی ئەوروپا.
وڵاتانی ئەوروپی لە کاتی ئەنفال و کیمیابارانی ھەڵەبجە بێهەڵوێست بون
سالار مەحمود ئەمڕۆ لە پەیامێکدا کە لە پەرلەمانی ئەوروپا پێشکەشی کرد، ئاماژەی بەوەشکردوە، وڵاتانی ئەوروپی لە کاتی ئەنفال و کیمیابارانی ھەڵەبجە بێهەڵوێست بون، نەک ھەر ئەوە بەڵکو کۆمپانیاکانی بەلجیکا، فرەنساو ئەڵمانیا کەرەستەی کیمیاییان بە عێراق فرۆشتوەو دواتر وەک چەکی کیمیایی لە کۆمەڵکوژی خەڵکی کوردستان لە تاوانی ئەنفال و کیمیابارانی ھەڵەبجە بەکارھێنراوە.
بەرپرسیارێتی راستکردنەوەی ھەڵەکان لەئەستۆی کۆمەڵی نێودەوڵەوتییە
ئەوەشی خستوەتەڕو، لە دۆسیەی ھەڵەبجە لەدادگای باڵای تاوانەکان لە ساڵی 2008 بۆ 2010 لیستی ناوی کۆمپانیاکان و جۆری تەقەمەنی و کەرەستەکان دیکۆمێنت کران و وەک بەڵگە خرانە رو، بەپێی یاسای نێودەوڵەتیش بەرپرسیارێتی راستکردنەوەی ھەڵەکان ھێشتا لە ئەستۆی کۆمەڵی نێودەوڵەتییە بەتایبەتیش یەکێتی ئەوروپا دایە.
یەکێتی ئەوروپا لەبەرامبەر تاوانەکانی تورکیا بێدەنگە
سالار مەحمود باسی لەوەشکردوە، لەئێستاشدا رەخنەی توندیان لە یەکێتی ئەوروپا هەیە کە چاوپۆشی لە تاوانەکانی تورکیا دەرحەق بەخەڵکی رۆژئاوای کوردستان و ھەرێمی کوردستان دەکات، هەروەها سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان بیردەهێننەوە کە دەبینن چ کاولکاری و کۆمەڵکوژیەکی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دروستکردوە.
رۆژانی 8 و 9ی ئەم مانگە لە پەرلەمانی ئەوروپا کۆنفرانسێک لەسەر جینۆسایدی کورد و ئەو پێشێلکاریانە سازکرا کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرامبەر مافەکانی کورد ئەنجام دراون، کۆنفرانسەکەش لەلایەن پارتە سۆسیال دیموکرات، چەپ و سەوزەکانی پەرلەمانی ئەوروپاوە رێکخراوە.