راوێژکارێکی سودانی: بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار جێگیردەکرێت

05:46 - 09/03/2023

26755جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، بەخستنەڕوی بڕی 200 ملیۆن دۆلاری رۆژانە لەلایەن بانکی ناوەندیەوە بەشێوەیەکی بەردەوامە، بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار جێگیردەکرێت و نزیکیش دەبێت لە نرخی فەرمی.

مەزهەر محەمەد ساڵح لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، چاوەڕواندەکرێت بانکی ناوەندی فرۆشتنی ڕۆژانەی دۆلار بەتێکڕا بگەیەنێتە 200 ملیۆن دۆلار و رۆژانە بەهەمان بڕە بەردەوامی پێبدات، بەمەش بە دڵنیاییەوە، بەهای دۆلار نزم دەبێتەوە و بەرامبەر بەدیناری عێراقی لەبازاڕەکانی ناوخۆ جێگیردەبێت. 

دروستکردنی هاوسەنگی ئاڵوگۆڕی دراو پێویستی بەوەیە کە ئاستی فرۆشتن بە ڕێژەیەکی مامناوەند بێت
وتیشی، "دروستکردنی هاوسەنگی ئاڵوگۆڕی دراو پێویستی بەوەیە کە ئاستی فرۆشتن بە ڕێژەیەکی مامناوەند بێت ماوەی چەند ڕۆژێک و بەردەوامیشی پێبدرێت".
شەفافیەتی زیاتر لە زانیاریە بازرگانیەکان دروستدەبێت و گواستنەوەی دەرەکیش کارئاسانی زیاتری بۆدەکرێت
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی کە بازرگانی دەرەکی لەلایەن کەرتی تایبەتەوە گونجاندنی بۆ دروستبو لەگەڵ پلاتفۆڕمی ئەلیکترۆنی، شەفافیەتی زیاتر لە زانیاریە بازرگانیەکان دروستدەبێت و گواستنەوەی دەرەکیش کارئاسانی زیاتری بۆدەکرێت.

سەرەڕای ئەوەی بانکی ناوەندی عێراق 100 دۆلار بە 130 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام لەبازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو تا ئێستا بەهای 100 دۆلار بەرامبەرە بە زیاتر لە 157 هەزار دینار، ئەمەش جۆرێک لەدڵەڕاوکێ و نیگەرانی لەلای بازرگانان و هاوڵاتیان بەگشتی دروستکردوە.