خەندان-
رۆژانی 8 و 9ی ئەم مانگە لە پەرلەمانی ئەوروپا کۆنفرانسێک لەسەر جینۆسایدی کورد و ئەو پێشێلکاریانە ساز دەکرێت کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرامبەر مافەکانی کورد ئەنجام دراون، کۆنفرانسەکەش لەلایەن پارتە سۆسیال دیموکرات، چەپ و سەوزەکانی پەرلەمانی ئەوروپاوە رێکخراوە.
کۆنفرانسەکە باس لە دۆزی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
بە ئامادەبونی چەندین کەسایەتی جیھانی، سیاسەتمەدار، پارت و پەرلەمانتاری ئەوروپیی، لەلایەن پارتی سۆسیال دیموکرات و پارتی چەپ و سەوزەکان لەپەرلەمانی ئەوروپا کۆنفرانسی حەڤدەھەمینی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جینۆسایدو پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ ساز دەکرێت، بەتایبەتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە.
نوام چۆمسکی و لەیلا زانا بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن
شیرین عەبادی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لە ئێران، دیزموند توتۆ خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە ئەفریقیای باشور، بیانکا جاغر باڵیۆزی کاری چاکە لە پەرلەمانی ئەوروپا، نوام چۆمسکی، لەیلا زانا و چەند سیاسەمەدارێکی دیکەی کورد لە بەشەکانی کوردستان بەشداری لەو کۆنفرانسەدا دەکەن.
کۆنفرانسەکە دو رۆژ دەخایەنێت
کۆنفرانسەکە لە رۆژانی 8 و 9ی ئازاری 2023 لە برۆکسلی پایتەختی پەرلەمانی ئەوروپا بەڕێوە دەچێت و دو رۆژ دەخایەنێت.