نەتەوە یەکگرتوەکان: زیانی بومەلەرزەکەی تورکیا زیاتر لە 100 ملیار دۆلارە

06:57 - 07/03/2023

1892جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند، ئەو بومەلەرزەیەی 6ی مانگی شوبات تورکیا و باکوری کوردستانی گرتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 44 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، زیانەکانی بومەلەرزەکەش بە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.

600 هەزار خانو و شوقەی هاوڵاتیان روخاون

لویزا فینتون، نوێنەری بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتوەکان لە تورکیا ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بومەلەرزەکەی تورکیاوە 600 هەزار خانو و شوقەی هاوڵاتیان روخاون و زیاتر لە دو ملیۆن و 700 هەزار کەسیش ئاوارە بون.

زیانی بومەلەرزەکەی تورکیا 34 مليار دۆلارە

لای خۆیەوە بانکی نیودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەداوە، زیانی بومەلەرزەکەی تورکیا بە 34 مليار دۆلار مەزەندە دەکرێت، ئەو ئامارەش زیانی روخانی باڵەخانەکانە و خەرجی نۆژەنکردنەوەیانی لەخۆ نەگرتوە کە پێشبینی دەکرێت دو بەرامبەری ئاماری زیانەکان بێت.

گەورەترین کارەساتە لە 100 ساڵی رابردو

دوێنێش مارتن گریفیس، رێکخەری کاروباری مرۆیی لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند، بومەلەرزەکەی تورکیا گەورەترین کارەساتە لە 100 ساڵی رابردو کە لەم ناوچەیەدا رویداوە، هۆشدارییش دەدات لەوەی کە ژمارەی قوربانییەکان هێشتا لە زیادبوندان.

مەترسی بڵاوبونەوەی نەخۆشی هەیە 

بەهۆی وێرانکارییەکانی بومەلەرزەکە و خاپوربونی ژێرخانی شارەکان، ئەوانەی لە بومەلەرزەکەی تورکیادا رزگاریان بوە مەترسی بڵاوبونەوەی نەخۆشییان هەیە، لەم بارەیەوە هاوڵاتییەکی رزگاربو بەناوی جیزم لە شاری روهای باکوری کوردستانەوە دەڵێت، "ئێمە ئەگەر لەژێر داروپەردودا نەمرین، ئەوا بە برینداری یان بەهۆی پەتاوە دەمرین، چونکە لێرەدا (لە کەمپەکان)، ئاودەست نییە و ئەوەش کێشەیەکی گەورەیە".

بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر شاری مەرەشی هەژاند 

بەرەبەیانی رۆژی 2023/2/6ش، بەڕێوەبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر شاری مەرەشی باکوری کوردستانی هەژاند. بومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە، لە تورکیا و سوریاش تائێستا گیان لەدەستدانی زیاتر لە 51 هەزار کەس راگەیەنراوە.