فینلاند هەنگاوێک زیاتر دەڕوات و بەبێ سوید پەیوەندی بە ناتۆوە دەکات

05:57 - 28/02/2023

3305جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

فینلاند گفتوگۆی کۆتایی لە پەرلەمان سەبارەت بە پەیوەستبون بە ناتۆ دەستپێدەکات، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی ڕەزامەندی پێویستی تورکیا و هەنگاریا بکات.

پێش هەڵبژاردنەکان کە بڕیارە لە 2ی مانگی 4ی ئه‌مساڵ ئەنجام بدرێت، حکومەتی دەستلەکارکێشاوەی سەنا مارین دەیەوێت خۆی لە هەر بۆشایییەکی سیاسی بەدور بگرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە خێرایی بچێتە ناو رێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ)، کاتێک هێلسنکی رەزامەندی ئەنقەرە و بوداپێست وەردەگرێت.

رەنگە ئه‌و هه‌نگاوه‌ی فینلاند بەبێ وڵاتی دراوسێی سوید روبدات
بەپێی ئاژانسی فرانس 24، رەنگە ئه‌و هه‌نگاوه‌ی فینلاند بەبێ وڵاتی دراوسێی سوید روبدات، کە لە ساڵی رابردوەوە کاندیدی ئەندامێتی لە ناتۆدا بوە، بەڵام تا ئێستا روبەڕوی ڤیتۆی تورکیا بوەتەوە.
200 پەرلەمانتاری فینلاند مشتومڕەکانیان لەسەر پڕۆژەیاسای پەیوەستبون بە ناتۆ ده‌ستپێكرد 
200 پەرلەمانتاری فینلاند ئەمڕۆ سێشەممە مشتومڕەکانیان لەسەر پڕۆژەیاسای پەیوەستبون بە ناتۆ ده‌ستپێكرد و پێشبینی دەکرێت تاوه‌كو رۆژی چوارشەممە دەنگدانیان لەسەر بکرێت.
گفتوگۆکەیان هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی سکرتێری گشتیی ناتۆ بۆ فینلاند
گفتوگۆکەیان هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی ینس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ بۆ فینلاند، لەو ماوەیەدا چاوی بە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دەکەوێت کە پێنج ملیۆن و 500 هەزار کەسی تێدایە.
 کاتی ئەوە هاتوە کە ئەنقەرە و بوداپێست پەیوەستبونی سوید و فینلاند بە ناتۆ پەسەند بکەن
له‌ په‌یامێكدا بۆ ستۆڵتنبێرگ رایانگه‌یاند، کاتی ئەوە هاتوە کە ئەنقەرە و بوداپێست پەیوەستبونی سوید و فینلاند بە ناتۆ پەسەند بکەن، جەخت لەوە دەکەنەوە کە "فینلاند و سوید پابەندبونەکانیان بەپێی ڕێککەوتنە سێ قۆڵییەکانیان لەگەڵ تورکیا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردودا لە مەدرید جێبەجێ کردوە".

هاوشێوەی ئەوەی لە دەنگدانێکی سەرەتاییدا ڕویدا کە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردو ئەنجامدرا، لەم ماوەیەدا زۆرینەی ڕەهای ئه‌ندامه‌كان پشتگیریان لە پەیوەستبون بە هاوپەیمانییەکە کرد به‌ 188 دەنگی بەڵێ، ئەنجامی دەنگەکانی ئەمجارەش بە نزیکەی کۆدەنگی لایەنەکانی وڵات گەرەنتی دەکرێت، تەنانەت ئەوانەی کە ساڵێک لەمەوبەر پشتگیری ناتۆیان نەدەکرد.
فینلاند و سوید بڕیاریاندا لاپەڕه‌یه‌یه‌ك لەسەر ئەو ناتەبایی سەربازییە هه‌ڵبده‌نه‌وه‌ کە هەیانە
لەگەڵ داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیا، فینلاند و سوید بڕیاریاندا لاپەڕه‌یه‌یه‌ك لەسەر ئەو ناتەبایی سەربازییە هه‌ڵبده‌نه‌وه‌ کە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوەوە لە ناویاندا هه‌یه‌ لەگەڵ پێشكه‌شكردنی داواکارییەک بۆ پەیوەستبون بە ناتۆوه‌، تاوه‌كو ئێستاش لە کۆی 30 ئەندامی ناتۆ 28 وڵات چونە ناو ناتۆیان پەسەند کردوە.
تورکیا ده‌یه‌وێت ململانێكه‌ لەگەڵ سوید یەکلایی بکاتەوە
هەنگاریا کە بە رێککەوتنی ناڕونی لەگەڵ مۆسکۆ ناسراوە و تورکیا کە هەوڵدەدات ڕۆڵی نێوەندگیری لە ململانێی ئۆکرانیادا بگێڕێت و ده‌یه‌وێت ململانێكه‌ لەگەڵ سوید یەکلایی بکاتەوە، بە تایبەتی پەیوەندی بە چالاکوانانی کوردەوە هەیە کە نیشتەجێی ئەو وڵاتەن.
 فینلاند نیازی خۆی بۆ پەیوەست بون بە هاوپەیمانییەکە بە هاوبەشی لەگەڵ سوید پشتڕاست کردوەتەوە
تائێستا فینلاند نیازی خۆی بۆ پەیوەست بون بە هاوپەیمانییەکە بە هاوبەشی لەگەڵ سوید پشتڕاست کردوەتەوە، بەڵام لە مانگی یەکی ئه‌مساڵدا ستۆکهۆڵم بەهۆی روداوێكی دیپلۆماسی ڕوبەڕوی ئەنقەرە بوەوە و گرژییه‌كانی نێوانیان گه‌یشته‌ لوتكه‌.

ستۆڵتنبێرگ لە سەرەتای مانگی شوباتدا دانی بەوەدانا کە گرنگ ئەوە نییە کە دو وڵات لە یەککاتدا بچنە ناو هاوپەیمانییەوە، بەڵکو زیاتر ئەوەیە کە ئەمە بە خێرایی ڕوبدات.

فینلاند و سوید جیاوازن
لایخۆیەوە تورکیا ڕۆژی دوشەممە دوپاتیکردەوە، کە رەنگە پەسەندکردنی پەیوەستبونی فینلاند و سوید لەیەکتر جیابکاتەوە، مه‌ولو چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی، "دەتوانین ڕێگای پەیوەستبونی سوید لە فینلاند جیا بکەینەوە".

پەسەندکردنی یاسای فینلاندا بەومانایە نییە کە هێلسنکی دوای پەسەندکردنی هەنگاریا و تورکیا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەچێتە ناوەوە، بەڵام ئەم هەنگاوە خشتەی کاتیی ڕون دادەنێت.
زۆرینەی فینلاندییەکان (53%) دەیانەوێت بچنە ناو ناتۆوە
بەگوێرەی ڕاپرسییەک کە سەرەتای مانگی شوبات بڵاوکرایەوە، زۆرینەی فینلاندییەکان (53%) دەیانەوێت بچنە ناو ناتۆوە بەبێ ئەوەی چاوەڕێی سوید بکەن.
فینلاند تا ساڵی 1809 بەشێک بو لە سوید
فینلاند تا ساڵی 1809 بەشێک بو لە سوید، له‌ ساڵی 1917دا لە کاتی شۆڕشی ڕوسیا سەربەخۆیی خۆی به‌ده‌ستهێنا.
فینلاند درێژترین سنوری ئەوروپای لەگەڵ ڕوسیادا هەیە دوای ئۆکرانیا
فینلاند لە دوای شەڕی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت لە جەنگی جیهانی دوەمدا لەلایەن مۆسکۆوە ناچارکرا بێلایەن بمێنێتەوە، ئه‌و وڵاته‌ درێژترین سنوری ئەوروپای لەگەڵ ڕوسیادا هەیە  دوای ئۆکرانیا، کە درێژییەکەی 1340 کیلۆمەترە.

نیشانەکردن

فینلاند ناتۆ