خەندان-
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر مۆسکۆ بەشێکن لە دواکەوتنی ئەو وڵاتەی لە ململانێی راستەوخۆ دایە لەگەڵ وڵاتەکەیان، لەکۆتاییشدا یەکێتی ئەوروپا بەهۆی سزاکانەوە ئابورییەکەی خۆی دەکوژێت و وێران دەبێت.
لە داهاتودا کاریگەرییەکانی لەسەر ئەوروپا دەردەکەوێت
ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا
وتیشی، تائێستا یەکێتی ئەوروپا بەشێک لە سزاکانی بۆسەر مۆسکۆ کارانەکردوە وەک جۆزیڤ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بۆکردوە چونکە سزاکانی بە "ژەهراوی" ناوبردوە کە لە داهاتودا کاریگەرییەکانی لەسەر ئەوروپا دەردەکەوێت.
سەروەری ئابوری یەکێتی ئەوروپا پێشێلکراوە
دەشڵێت، سزاکان پێش هەمو شتێک سەروەری ئابوری یەکێتی ئەوروپای بە ئامانج گرتوە، بەجۆرێک یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت هەر جۆرە سزایەک بەسەر بازرگانی لەگەڵ روسیادا بسەپێنێت، بەڵام ئەو هەنگاوە هیچ نییە جگە لە زیاتر شوێنکەوتنی ئەو وڵاتەی لە ململانێی راستەوخۆ دایە لەگەڵ روسیا.
مانگی تشرینی دوەمی ساڵی رابردو كۆمسیۆنی ئهوروپا رایگەیاند، لەئێستادا وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کار دەکەن بۆ ئامادەکردنی لیستێکی دیکە سزاکان کە بەسەر روسیادا دەسەپێنرێن بەرامبەر بەردەوامی هێرشەکانی لە ئۆکرانیا، سزاکانیش ئەو کەرتانەی مۆسکۆ دەکاتە ئامانج کە تواناکانی لە شەڕی ئۆکرانیادا لاواز دەکەن.