خهندان-
ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، دوای دەستپێکردنی شەڕ بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک لە وڵاتەکەی، بارودۆخی تەندروستی خۆی ئاشکرادەکات و دەڵێت، "توانای بینینم بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوە".
ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی تەمەن 45 ساڵ رایگەیاند، "توانای بینینی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوە، چیتر نەیتوانیوە ئەو شتانە بخوێنێتەوە کە لەسەر لیبێڵی کیسە چای نوسراون، ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەو کارە زۆرەی ناو ئۆفیسەکەی لە ژێر بارودۆخی خراپی ڕوناکیدا دەگەڕێنێتەوە".
ئەم دانپێدانانە بە سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا لە فیلمی دیکۆمێنتاریی "یەک ساڵ"دا هات، کە تێیدا نوسەری ڕۆژنامەنوسی ئۆکرانی دیمیتری کۆمارۆڤ لە ژورێکی شەمەندەفەردا چاوپێکەوتنی لەگەڵ زێلێنسکی ئەنجامدا.
هیچ شتێک نابینم، هەرچەندە هەوڵبدەم
سەرۆکی ئۆکرانیا دەشڵێت، "هیچ شتێک نابینم، هەرچەندە هەوڵبدەم، بینینم لەدەستداوە، کێشەیەکی جەستەییە".
لە ئێستادا چاویلکە بەکاردەهێنێت بۆ خوێندنەوە
سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەشکرد، عەدەسە بەکارناهێنێت و لە ئێستادا چاویلکە بەکاردەهێنێت بۆ خوێندنەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە ساڵێک بەسەر دەستپێکردنی هێرشەکانی سوپای روسیا بۆسەر ئۆکرانیا و دروستبونی شەڕ و ململانێی بەردەوام لە کیێڤ تێدەپەڕێت، تاوەکو ئێستا هەزاران کەس لە هەردو وڵات کوژراون و دەیان هەزاری دیکەش برینداربون.