خەندان-
عومەر عینایەت، ئەندامی خولی پێشوی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هیواخوازە بزوتنەوەی گۆڕان هەستێتەوە بەڵام لەبەر چوار هۆکار "پێناچێت ئەوە روبدات"، دهشڵێت، "هەندێک کەس بونە عەرابی بردنی گۆڕان بۆ ناو دەسەڵات کە ئەمە گەورەترین زەربە بو کە لە بزوتنەوەی گۆڕان درا، بەڵام ئێستا ئەوانە دژایەتیی گۆڕان دەکەن".
عومەر عینایەت كه ئێستا له دهرهوهی بزوتنهوهی گۆڕاندایه لە لێدوانێکدا بە خەندان-ی راگەیاند، "هەمو هێزێک ئەگەر چوار فاکتەری تیادا نەبێت هەستانەوەی زەحمەتە، بۆ نمونە یەکێتی و پارتی بۆ توشی شکست دەبن و هەڵدەستنەوە بەڵام هێزەکانی تر لەبەر چوار هۆکار هەڵناستنەوە، خاڵی یەکەم، هێزی چەکدارە کە من لەگەڵ ئەوەدانیم هیچ حزبێک هێزی چەکداری هەبێت، بەڵام ئەوە بوەتە واقع و لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، خاڵی دوەمیش پارە و داراییە، ئەوەی یەکێتی و پارتی هەیانە گۆڕان و حزبەکانی تر نیانە، ئەگەر هەشیان بێت زۆر سنوردارە".
زۆربەی ئەوانەی کە ئێستا لە حزبەکاندا کاردەکەن یان ئەوانەن لە پۆستدان یان چاوەڕوانی پۆستن بە گۆڕانیشەوە
بە بڕوای عومەر عینایەت هۆکاری سێیەم کە وادەکات هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی بە ئاسانی "هەڵنەستنەوە، ئیدارەیە" و دەڵێت، "زۆربەی ئەوانەی کە ئێستا لە حزبەکاندا کاردەکەن یان ئەوانەن لە پۆستدان یان چاوەڕوانی پۆستن، بە گۆڕانیشەوە"، هۆکاری چوارەمیش پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی ئەمریکا لەم خاڵەشدا بزوتنەوەی گۆڕان لاوازە.
هیوادارم ئەو ستەمەی کە لە دەرکراوەکان و ناڕازیەکان کراوە هەڵیبگرن
ئەو پەرلەمانتارەی پێشوی گۆڕان وتیشی، "هیوادارم گۆڕان هەستێتەوە و ئەو دۆخەی جارانی بگێڕێتەوە و ئەو ستەمەی کە لە دەرکراوەکان و ناڕازیەکان کراوە هەڵیبگرن و بزوتنەوەکە وەکو خۆی لێبکەنەوە و مەسەلەی گردەکە و سامانەکەی کە خەڵک دەڵێت هی بزوتنەوەی گۆڕانەو ئەوان دەڵێن هی کوڕەکانی کاک نەوشیروانە چاک بکەن بە تەسەوری من دەتوانن بێنەوە سەر پێی خۆیان، بەڵام هەر ناگەینەوە ئەو ئاستەی کە جارێکی دیکە 25 کورسی لە پەرلەمان بهێنین، ئەوە زەحمەتە".
ئێمە نەمانتوانی 50 کورسی بەدەستبهێنین کە بتوانین حکومەت پێکبهێنین دەبوایە نەچوینایە و ئەوکاتە بە کاک نەوشیروانمان وت
عومەر عینایەت باس لە بڕیاری بەشداریکردنی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم دەکات و دەڵێت، "جەنابی کاک نەوشیروان دروشمی بەشداریکردن لە دەسەڵاتی بەرزکردەوە، کاتێک ئێمە نەمانتوانی 50 کورسی بەدەستبهێنین کە بتوانین حکومەت پێکبهێنین دەبوایە نەچوینایە و ئەوکاتە بە جەنابی کاک نەوشیروانمان وت نابێت بەشداری بکەین، بەڵام بەشداریمان کرد، بۆ جاری دوەم هەندێک کەس بونە عەرابی بردنی گۆڕان بۆ ناو دەسەڵات کە ئەمە گەورەترین زەربە بو کە لە بزوتنەوەی گۆڕان درا، بەڵام ئێستا ئەوانە دژایەتیی گۆڕان دەکەن".
کشانەوە لە دەستچوە چونکە حکومەتەکە ناشەرعییە
پەیوەست بە کشانەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم، ئەو پەرلەمانتارەی پێشوی بزوتنەوەکە ئەوەی خستەڕو، "بە بۆچونی من ئەوە لە دەستچوە چونکە حکومەتەکە ناشەرعییە و ئێمە کاتی خۆشی کە لەوێ بوین و بە ناڕازی موافەقتکرا کە بەشداری ئەم حکومەتە بکەین، بەڵام وەعدیان دا ئەگەر لەماوەی شەش مانگدا وەکو پێویست نەبو دەکشێینەوە، شەش مانگەکە بو بە ساڵ و دو ساڵ و کەوتە ئەوەی بو بە حکومەتێکی ناشەرعی و تازە سودی نیە ئەگەر بکشێنەوە، ئەگەر لە حکومەت بکشێنەوە بەتەواوی سفر دەبنەوە، لەبەرئەوە لەگەڵ ئەوەدا نیم لەم قۆناغەدا بکشێنەوە چونکە سودی لێنابینن بەڵام، ئێمە کە لە سەرەتاوە هەڵگری دروشمی گۆڕان بوین هێشتا بیروباوەڕی گۆڕان لە مێشکماندا ماوە و کە نەیانهێشت لەناو گۆڕاندا بەردەوام بین، بەڵام کاڵایەک نین بۆ فرۆشتن بەهیچ حزب و لایەنێک".