خهندان-
ئەکادیمیای کوردی بڵاویكردهوه، یڤگینیا ئیلینچنا ڤاسیلیەڤا-ی روسی كه گەنجینەیەک لە بەرهەمی زانستیی ناوازە و سەنگینی پێشکەش بە بواری کوردناسیی کردوە، كۆچی دواییكرد.
یڤگینیا خزمەتێکی گەورەی مێژو، کولتور و ئێتنۆگرافیای کوردیی کردوە
ئەکادیمیای کوردی حكومهتی ههرێمی كوردستان بڵاویكردهوه، "بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی ی. ئی. ڤاسیلیەڤا مان پێگەیشت کە زانای ڕۆژهەڵاتناس و کوردناسێکی مەزنی یەکێتیی سۆڤیەت و روسیای فیدڕاڵ بو، یڤگینیا ئیلینچنا ڤاسیلیەڤا خزمەتێکی گەورەی مێژو، کولتور و ئێتنۆگرافیای کوردیی کردوە، گەنجینەیەک لە بەرهەمی زانستیی ناوازە و سەنگینی پێشکەش بە بواری کوردناسیی کردوە".
ئاماژهی بهوهشكردوه، بەر لە هەمویان وەرگێڕانی "شەڕەفنامە"ی شەڕەفخانی بەتلیسی لە دو بەرگدا بۆ زمانی ڕوسی ساڵانی-1967 1976 ؛ ئینجا کتێبی "دەسنوسی خوسرەو ئیبن محەمەد" ساڵی 1984؛ ساڵی 1990 "دەستنوسی ماهشەڕەف خانم کوردستانی؛ ساڵی 1991 کتێبی " کوردستانی خواروی ڕۆژهەڵات"؛ ساڵی 2003 کتێبی "شەڕەفخانی بەتلیسی"؛ ساڵی 2012 بڵاوکردنەوەی دەستنووسی میرزا عەلی ئەکبەر کوردستانی بەناوی "حەدیقەی ناسرییە"- کە هەندێ لەو کارانەی کراون بە کوردی.
یڤگینیا ئیلینچنا ڤاسیلیەڤا دو کتێبی هێشتا بەچاپ نەگەیشتون- "ڕێبەر و فەرهەنگی خێڵە کوردییەکان" بە هەماهەنگی لەگەڵ خاتون ژ. س. موسائیلیان و کتێبی بەرگی دوەمی " کوردستانی خواروی ڕۆژهەڵات" لەسەر مێژوی میرنشینانی ئەردەلان و بابان، ئەمە جگە لە دەیان توێژینەوە و وتاری زانستی کە لە گۆڤار و دەوریاتی زانستیی بڵاوکراونەتەوە و هەندێکیان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی، لەوانە: بیرۆکەی ڕەچەڵەکی بێگانەی خانەوادە نەجیبزادەکانی کورد وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی؛ خێڵە کوردەکانی بارزان، بەگزادە و بلباس ؛ مێژوونووسانی کورد لەبارەی خێڵی کوردییەوە.
ساڵی 1935 لە خێزانێکی جوتیار لە گوندێکی ناوچەی نۆڤگەڕەد لەدایکبوە
یڤگینیا ئیلینچنا ڤاسیلیەڤا ساڵی 1935 لە خێزانێکی جوتیار لە گوندێکی ناوچەی نۆڤگەڕەد لەدایکبوە، باوکی شەهیدی جەنگی جیهانیی دوەمە؛ لە ساڵی 1958ەوە لە ئینستیتوتی ڕۆژهەڵاتناسی- لقی لینینگراد (سان پیترسبورگ) کارمەندی زانستی بوە.
یڤگینیا نەک هەر سەرسام بوە بە مێژو و کولتور و خەباتی کوردان، بەڵکو بەدڵ خۆشی ویستون
ئەکادیمیای کوردی دهڵێت، یڤگینیا ئیلینچنا ڤاسیلیەڤا وەک لە نوسینەکانی دەردەکەوێت، نەک هەر سەرسام بوە بە مێژو و کولتور و خەباتی کوردان، بەڵکو بەدڵ خۆشی ویستون.