خهندان-
سکرتێری گشتیی ناتۆ ئهمڕۆ هەینی گومانی هاوپەیمانییەکەی سەبارەت بە متمانەی چین پهیوهست بە هەوڵەکانی چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا دەربڕی.
جێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی هاوپهیمانی باكوری ئهتڵهسی (ناتۆ) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە تالینی پایتەختی ئیستۆنیا، لەسەر ئەو بەڵگەنامەیەی وەزارەتی دەرەوەی چین بڵاویکردوەتەوە، رایگەیاندوە، "متمانەیەکی گەورە" بە پەکین نییە.
چین لەشکرکێشی نایاسایی ڕوسیای بۆ سەر ئۆکرانیا شەرمەزار نەکرد
وتیشی، سەبارەت بە پێشنیارەکانی چین، متمانەیەکی ئەوتۆ بە چین نییە، چونکە ئەو لەشکرکێشی نایاسایی ڕوسیای بۆ سەر ئۆکرانیا شەرمەزار نەکرد، چەند ڕۆژێک پێش لەشکرکێشیەکە ڕێککەوتنی هاوبەشی بێسنوری لەگەڵ ڕوسیا واژۆ کرد.
ناتۆ ئاماژەکان دەبینێت کە چین بیر لە پێشکەشکردنی هاوکاری سەربازی دەکاتهوه بۆ ڕوسیا
سکرتێری گشتیی ناتۆ باسی لهوهشكرد، ناتۆ ئاماژەکان دەبینێت کە چین بیر لە پێشکەشکردنی هاوکاری سەربازی دەکاتهوه بۆ ڕوسیا، هەروەها وتی، "ئێمە لە نزیکەوە بەدوای چینداین و ئاماژەکانمان دەستنیشانکردوە کە بیر لە دابینکردنی چەک بۆ روسیا دەکاتەوە، ئەمە هەڵەیەکی گەورە دەبێت".
ئەو ڕەخنانە بێ بنەمان و جگە لە بوختان و هەوڵێک بۆ "بێناوبانگکردنی چین" هیچی تر نین
لایخۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی چین رەخنەی لە بەڵگەنامە 12 بابەتییەکەی سەبارەت بە قەیرانی ئۆکرانیا رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەو ڕەخنانە بێ بنەمان و جگە لە بوختان و هەوڵێک بۆ "بێناوبانگکردنی چین" هیچی تر نین.