ناتۆ: هاوپەیمانان دەبێت چه‌كی زیاتر بده‌نه‌ ئۆكرانیا

03:25 - 18/02/2023

1916جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سکرتێری گشتیی ناتۆ ڕایگەیاند، هاوپەیمانان دەبێت ئەو شتانە بدەنە ئۆکرانیا کە پێویستیانە بۆ شکستپێهێنانی ڕوسیا لە کاتێکدا کیێڤ داوای چەکی زیاتر دەکات.

ینس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ لە وتارێكدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن  دەڵێت، "پێویستە ئەو شتانە بدەین بە ئۆکرانیا بۆ ئەوەی بتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و دەوڵەتێکی سەربەخۆ و سەروەری ئەوروپا بێت".

 ئەوروپا شایەتحاڵی یەکەمین جەنگی خۆی دەبێت لە دوای جەنگی جیهانی دوەمەوە
ستۆڵتنبێرگ پێش یەکەمین ساڵیادی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەتی روسیا لە ئۆکرانیا وتارەکەی پێشکەش ده‌كات، لەکاتێکدا ئەوروپا شایەتحاڵی یەکەمین جەنگی خۆی دەبێت لە دوای جەنگی جیهانی دوەمەوە، ئەوەش لە پێشهاتێکدا کە شۆڕشێکی گەورەی لە گۆڕەپانی ئەمنی جیهانیدا هێناوه‌ته‌ كایه‌وه‌.
پێویستە بەردەوام بین لە پشتیوانیکردن و چالاککردنی کیێڤ
لە وتارەکەیدا، ستۆڵتنبێرگ پشتگیری کیێڤی ده‌كات و دەڵێت، "پێویستە بەردەوام بین لە پشتیوانیکردن و چالاککردنی کیێڤ، ڤلادیمیر پوتین پلانی ئاشتی نییە، پلانی هەیە بەردەوام بێت لە شەڕەکە".
زلێنسکی داوای لە هاوپەیمانانی وڵاتەکەی کرد کە پاڵپشتییەکانیان خێراتر بکەن
لە کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا ڕۆژی هەینی، ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە هاوپەیمانانی وڵاتەکەی کرد کە پاڵپشتییەکانیان خێراتر بکەن، هاوکات زلهێزەکانی ئەوروپا بەڵێنیاندا کە ئاستی هاوکارییەکانیان بەرز بکەنەوە.
سکرتێری گشتیی ناتۆ جەخت لەسەر پێویستی فێربونی وانەیەک دەکاتەوە، دوای ئەوەی ڕوسیا هێرشیکردە سەر ئۆکرانیا 
سکرتێری گشتیی ناتۆ لە وتارەکەیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، جەخت لەسەر پێویستی فێربونی وانەیەک دەکاتەوە، دوای ئەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ڕوسیا لە ئۆکرانیا ئەو مەترسییانەی ئاشکرا کرد کە هەڕەشە لە ئەوروپا دەکەن لە ئەنجامی زۆر پشتبەستن بە "ڕژێمە تاکڕەوەکان".

بەشێک لە وتارێک کە ستۆڵتنبێرگ پێشکەشی دەکات، کە ئاژانسی فرانس پرێس بینیویەتی، دەڵێت، "نابێت لەگەڵ چین هەمان ئەو هەڵەیە دوبارە بکەینەوە کە لەگەڵ ڕژێمە تاکڕەوەکانی دیکەدا کراوە".
مەترسی هەیە کە چین هەنگاوێکی هاوشێوە لە تایواندا بنێت
شەڕی ئۆکرانیا ترسی لەنێو زلهێزەکانی ڕۆژئاوادا بڵاوکردوەتەوە کە چین هەنگاوێکی هاوشێوە لە تایواندا بنێت، ئەو دورگەیە خۆبەڕێوەبەرییە و چین بە بەشێکی دانەبڕاو لە خاکەکەیدا دەزانێت.

لە کۆنفرانسی ئەمنی سێ ڕۆژە لە میونشن، دەیان کەسایەتیی باڵا، لەوانە ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا، کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەشداری دەکەن.