زلێنسکی: بەسەر روسیا سەردەکەوین

04:56 - 17/02/2023

2391جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئەمڕۆ هەینی لەمیانەی بەشداریکردنی لەکۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن رایگەیاند، ڕوسیا وێرانکاری بۆ ئەوروپا هێناوە، بەڵام متمانەی تەواویی بەهێزەکانی وڵاتەکەی هەیە و سەرکەوتن بەسەر روسیا تۆماردەکەن.

ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی لە وتارێکی ڤیدیۆيیدا بۆ کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن رایگەیاند، "پێویستمان بە خێراکردنی گەیاندنی چەک بۆ ئۆکرانیا هەیە و هیچ بەدیلێک لە ئارادا نییە تا ئێمە بتوانین بەردەوام بین لەشەڕکردن و بەرگریکردن لەخاکەکەمان".

ئۆکرانیا پێویستی بە فڕۆکەی شەڕکەر هەیە

وتیشی، "ئۆکرانیا پێویستی بە فڕۆکەی شەڕکەر هەیە بە زوترینکات تا بتوانین بەر بە وێرانکاریەکانی روسیا بگرین و بەرپەرچی هێرشەکانیان بدەینەوە".

بەوتەی زلێنسکی، کرێملین وێرانکاری بۆ ئەوروپا هێناوە و دەشڵێت، "ئۆکرانیا پێویستە ئەندامێکی یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ بێت تا بتوانێت لەبەرگریکردن بەردەوام بێت".

هیچ سازشێک لەسەر ڕزگارکردنی هەمو خاکەکانی ئۆکرانیا ناکەین

ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ سازشێک لەسەر ڕزگارکردنی هەمو خاکەکانی ئۆکرانیا لە دەستی داگیرکاری ڕوسیا نییە و سازش لەسەر هیچ پارچە خاکێکمان ناکەین و لەسەرجەم ناوچەکانی ئۆکرانیا، سەربازانی روسیا دەکەینەدەرەوە".

ئەوەشیخستەڕو، متمانەی تەواوی بە توانای وڵاتەکەی هەیە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە بەرامبەر ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕوسیا و لایەنگرانی".

پێش دەستپێکردنی کۆنفرانسەکە، ینس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتیی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) ڕایگەیاند، "جەنگی ئۆکرانیا کاریگەری لەسەر ئاسایشی جیهان هەیە نەک تەنها کیشوەری ئەوروپا، لەئێستاشدا ڕوسیا لە سەر زەویدا زیانێکی گەورەی بەرکەوتوە".

وتیشی، "ئێمە بەردەوام دەبین لە دابینکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتو بۆ ئۆکرانیا".

هاوکات، بۆریس پیستۆریۆس وەزیری بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند، "لە ئێستادا ناتوانرێت سیستەمی پاتریۆت بۆ ئۆکرانیا دابین بکرێت".

نیشانەکردن

ڤۆلۆدمیر زلێنسكی