تازەترین ئاماری قوربانیانی بومەلەرزەکەی تورکیا بڵاوکرایەوە

10:13 - 06/02/2023

4051جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، لە ئەنجامی بومەلەرزەکەی بەیانی ئەمڕۆ تائێستا 284 کەس گیانیانلەدەستداوە و 2323 کەسی دیکەش برینداربون، هەروەها هەزار و 710 باڵەخانەش روخاون.

فوئاد ئۆکتای، جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا ئەمڕۆ دوشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا دوایین ئاماری قوربانیانی بومەلەرزەی بەیانی ئەمڕۆی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بومەلەرزەکەوە 284 کەس گیانیانلەدەستداوە.

2323 کەسی دیکەش بەهۆی بومەلەرزەکەوە برینداربون

ئاماژەی بەوەشکرد، هەروەها  2323 کەسی دیکەش بەهۆی بومەلەرزەکەوە برینداربون و هەزار و 710 باڵەخانەش روخاون.

ئاماری ئەو کەسانەی لە باکوری کوردستان بەهۆی  بومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە:

دیلۆک: 80 کەس
ماڕاش: 70 کەس
مەڵەتی: 47 کەس
روها: 18 کەس
سەمسور: 13 کەس
ئامەد: 14 کەس
کیلیس: 8 کەس

پێنج پاشلەرزە بە گوڕی زیاتر لە شەش پلە رویانداوە

لای خۆیەوە سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا سەبارەت بەو بومەلەرزەیەی بەگوڕی 7.4 پلە قەزای پازارجکی سەربە پارێزگای مەڕەشی هەژاند، رایگەیاند، "تا ئێستا لانیکەم پێنج پاشلەرزە بە گوڕی زیاتر لە شەش پلە رویانداوە، شەش بومەلەرزەش بە گوڕی زیاتر لە شەش پلە رویانداوە. بەهێزترینیان 6.6 پلە بوە".

ئاستی ئاگاداری چوارمان راگەیاندوە. کە هاوکاری نێودەوڵەتیش دەگرێتەوە

ئاماژەی بەوشکرد، بومەلەرزەکە کاریگەری کردوەتە سەر پارێزگاکانی عەنتاب، عوسمانیە، ماڵاتیا، ئادیامان، ئادانا، ئامەد، کیلیس و ئورفا، لەئێستاشدا "هەمو تیمەکانمان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان. ئاستی ئاگاداری چوارمان راگەیاندوە. ئەمە ئاگادارییەکە هاوکاری نێودەوڵەتیش دەگرێتەوە".

نیشانەکردن

تورکیا بومەلەرزە