کێبڕکێی په‌ره‌پێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ده‌چێته‌ قۆناغێكی نێوه‌

09:44 - 06/02/2023

2128جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) پڕۆژەیەکی نوێ ئاماده‌كات و هەوڵدەدات هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پەرەپێبدات، ئه‌وه‌ش لە ناوەڕاستی خێراکردنی کێبڕکێی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی ئەو جۆرە ته‌كنه‌لۆژیایه‌ كه‌ له‌ جه‌نگ و چاودێریكردندا به‌كارده‌هێنرێت.

لەم ساڵانەی دواییدا ڕۆڵی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان گەشەی کردوە، کە به‌مه‌به‌ستی چاودێری و بۆردومان به‌كارده‌هێنرێت، زۆرجار لەلایەن یەک فڕۆکەوە یان لە باشترین حاڵەتدا ژمارەیەکی سنوردار لە فڕۆکە ئەنجامدەدرا.

ئێستا پنتاگۆن لە رێگەی بەرنامە نوێیەکەیەوە هەوڵدەدات "ڕەوەیەک" لەو فڕۆکانە بەرهەمبهێنێت بۆ ئەوەی بەشداری لە هێرشێکی بەرفراواندا بكه‌ن، کە دوژمن "ئیفلیج" دەکات، هەروەک چۆن فڕۆکە شەڕکەرەکان کردویانە، کە لەلایەن فڕۆکەوانەکانەوە كۆنتڕۆڵ دەکرێن لە شەڕەکاندا.

پڕۆژەکە هەوڵدەدات هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر زەوی و ئاسمان و لە سەرانسەری دەریا پەرەپێبدات
ماڵپەڕی newscientist، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ته‌كنه‌لۆژیا و بنکەکەی لە لەندەنە، رایگەیاندوە، پڕۆژەی AMASS هەوڵدەدات هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر زەوی و ئاسمان و لە سەرانسەری دەریا پەرەپێبدات، بۆ ئەوەی وەک "فەوجێک"ی یەکگرتو پێکەوە به‌كاربهێنرێن.
ئەو فڕۆکە بێ سەرنشینانە هێرشی هاوئاهەنگ ئەنجام دەدەن
ئەو فڕۆکە بێ سەرنشینانە هێرشی هاوئاهەنگ ئەنجام دەدەن، ئەوەش لە شەڕەکانی داهاتودا سود بە سوپای ئەمریکا دەبەخشێت، به‌ڵام هێشتا پڕۆژه‌كه‌ لە ژێر تاقیکردنەوەدایە لە دەزگای لێکۆڵینەوەی پێشکەوتوی بەرگری لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) و زۆرێک لە وردەکارییەکانی ئەم پڕۆژەیە تا ئێستاش رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌.

پڕۆژەکانی ARA بەزۆری تاقیکردنەوەی توانای چەندین تەکنەلۆژیا لەخۆدەگرن، کە "پێشکەوتن"ی مەترسیدار و پاداشتی بەرز پێکدەهێنن، تا ئێستاش بە فەرمی پڕۆژەکە رانەگەیەندراوە.
 پێدەچێت پەرەپێدانی ئەو فڕۆکانەپەیوەندی بە ئەگەری لەشکرکێشی چینییەکان بۆ سەر دورگەی تایوانەوە هەبێت
بەپێی ماڵپەڕەکە، پێدەچێت پەرەپێدانی ئەو فڕۆکانە بە تایبەتی پەیوەندی بە پاراستنی لەشکرکێشی چینییەکان بۆ سەر دورگەی تایوانەوە هەبێت.

فەوجەکانی روسیا
ئەم پێشهاتە دوای چەند ڕۆژێک دێت کە کۆمپانیای "رۆستێک"ی ڕوسی بۆ پەرەپێدان، دروستکردن و هەناردەکردنی بەرهەمە سەربازی و مەدەنییە تەکنەلۆژییەکانی راگەیاند، لە پرۆسەی پەرەپێدانی فڕۆکەی بێ سەرنشیندا کە توانای لێدانی دوژمنی هەبێت.
 توانای ئەنجامدانی کاری سیخوڕییان هەیە
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە، سێرگی چیمێزۆڤ بە میدیاکانی روسیای راگەیاند، "هێلیکۆپتەری تاکتیکی بچوک پەرەی پێدراوە کە توانای ئەنجامدانی کاری سیخوڕییان هەیە، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دوژمن دەستنیشان ده‌کەن و دەتوانن هێرشی بکەنە سەر".
 چینییەکان توانای دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان هەیە، لەگەڵ توانای هێرشکردنە سەر ناوچەیەکی دیاریکراو
لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردودا، دیمه‌نێكی ڤیدیۆیی، کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی زانستیدا بڵاوکرایەوە، دەریخست کە چینییەکان توانای دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان هەیە، لەگەڵ توانای هێرشکردنە سەر ناوچەیەکی دیاریکراو.

توێژەرانی زانکۆی ژێجیانگ رایانگەیاندوە، ئەو تەکنەلۆجیایە توانای فڕینی "درۆن"ی هەیە لە بەرزاییە نزمەکان و ڕێکخستنی ڕێڕەوەکانی لەناو دارستانەکاندا، ئەمەش ژینگەیەکی سەختە بۆ ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە.
یەکەمجارە کە ڕەوەیەک لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سەرکەوتو بن لە فڕین لە ژینگەیەکی ڕێکنەخراودا
ئاماژەیان بەوەشکردوە، "یەکەمجارە کە ڕەوەیەک لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سەرکەوتو بن لە فڕین لە ژینگەیەکی ڕێکنەخراودا".

هەرچەندە پڕۆژەکە هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە و لە روکەشدا وەک مەدەنی دەردەکەوێت، بەڵام ئەگەری زۆر پەرەپێدانی بۆ مەبەستی سەربازی هەیە.

نیشانەکردن

ئەمریکا روسیا چین