خه‌ندان-
چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئه‌مشه‌و به‌ئاماده‌بونی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجامدا، بودجه‌ی 2023 و پرسی به‌رزبونه‌وه‌ی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دیناری عێراقی و سه‌ردانی شاندی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه بۆ ئه‌مریكا به‌شێكی گرنگی كۆبونه‌وه‌كه بون.
چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه له نوسینگه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی به ئاماده‌بونی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامدا و تاوتوێی پێشهاته‌كانی بواری سیاسی و ئه‌منیه‌كانی كرد، جگه له تاوتوێكردنی دۆسیه‌ی بودجه‌ی فیدڕاڵی كه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به نیازه پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی بكات به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردن.
سه‌رۆك وه‌زیران ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی وردی له‌باره‌ی ئه‌و میكانیزمانه خسته‌ڕو كه له‌سه‌ر بنه‌مای بودجه‌ی فیدڕاڵی داڕێژراون
به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه، سه‌رۆك وه‌زیران ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی وردی له‌باره‌ی ئه‌و میكانیزمانه خسته‌ڕو كه له‌سه‌ر بنه‌مای بودجه‌ی فیدڕاڵی داڕێژراون و هه‌وڵی گونجانی له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی حكومه‌تدا داوه، هه‌روه‌ها رونكردنه‌وه‌ی له‌باره‌ی ئه‌و گفتوگۆیانه‌دا كه بانكی ناوه‌ندی عێراق دو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ بانكی فیدڕاڵی ئه‌مریكا له ئیستانبوڵ ئه‌نجامیدا.
ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ی بانكی ناوه‌ندی پێشكه‌شیان ده‌كات له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی چاكسازی دارایین
سودانی ئاماژه‌ی بهوهكردوه، "ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ی بانكی ناوه‌ندی پێشكه‌شیان ده‌كات له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی چاكسازی دارایی و بانكیدا دێنه ئاراوه".
باس له سه‌ردانی داهاتوی شاندی عێراقی بۆ واشنتن به سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری ده‌ره‌وه كرا
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، له كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس له "رێوشوێنه حكومییه‌كان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی هه‌ڵاوسانی به‌های دراو له‌سه‌ر چینه هه‌ژار و په‌راوێزخراوه‌كان كرا، هه‌روه‌ها سه‌ردانی داهاتوی شاندی عێراقی بۆ واشنتن به سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری ده‌ره‌وه بۆ ته‌واوكردنی كۆبونه‌وه‌كانی ئیستانبوڵ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه بو".