سەرۆکی مەهەپە: ئەردۆگان دەبێتەوە بە سەرۆک کۆمار

07:18 - 05/02/2023

1455جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) کە سەرەکیترین هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)ـی دەسەڵاتداری تورکیایە رایگەیاند، هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن لەناوخۆیاندا ناکۆکن و گرنگیش بەهیچ پرسێکی نەتەوەیی نادەن، بەڵام ئەوان پارێزەری نەتەوە و خاکی تورکیان و لە هەڵبژاردنی داهاتوشدا کاندیدەکەیان کە رەجەب تەیب ئەردۆگانە، دوبارە دەبێتەوە بە سەرۆک کۆمار.

ئۆپۆزسیۆن لەلایەن وڵاتانی بیانییەوە ئاراستە دەکرێت
دەوڵەت باخچەلی ئەمڕۆ لە وتارێکدا بۆ لایەنگرانی پارتەکەی لە ئزمیر، ئاماژەی بەوەشکرد، لە تورکیادا هەمو کەسێک کە بە ڕەگەزنامە بە کۆماری تورکیاوە بەستراوەتەوە، یەکسانە و هیچ جیاکارییەک قبوڵ ناکەن، بۆیە رۆژی 14ی ئایار دەچنەوە بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان و دژی ئەوانە دەوەستنەوە کە لەلایەن وڵاتانی بیانییەوە ئاراستە دەکرێن.
شکستیانخواردوە و نەیتوانیوە کاندیدی هاوبەشی سەرۆکایەتی دیاریبکەن
ئەوەشی خستوەتەڕو، هاوپەیمانی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بەتەواوی لەلایەن بیانییەوەکانەوە ئاڕاستە دەکرێن و گروپە هاوبەرژەوەندییەکانی جیهانی بۆ تێکدانی هەڵبژاردنەکانی تورکیا و بەرخۆدانی دیموکراسی گەلی تورکیا یەکیان گرتوە، هەروەها هاوپەیمانی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن کە ئەو ناوی ناوە "هاوپەیمانی شەرمەزارکەر" لەنێوان خۆشیاندا شکستیانخواردوە و نەیتوانیوە کاندیدی هاوبەشی سەرۆکایەتی دیاریبکەن.

سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) دەڵێت، کە کاندیدی ئەوان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆگانە، دڵنیاییش دەدات کە کاندیدی ئەوان رێژەی زۆرینەی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت و ژمارەی کورسییەکانیشیان لە پەرلەمان زیاد دەکات.

نیشانەکردن

تورکیا