خهندان-
بهرپرسانی ئۆکرانیا ستایشی وڵاتانی رۆژئاوا دهكهن بۆ دابینکردنی چەکی قورس بۆ وڵاتهكهیان و رایانگەیاند، کیێڤ تانکەکانی رۆژئاوا وەک "مشتێکی ئاسنین" لە دژی هێرشەکانی روسیا بەکاردەهێنێت.
ئۆلێکسی رێزنیکۆڤ، وەزیری بەرگری ئۆکرانیا رایگەیاند، ئەو تانکە نوێیانەی کە لەلایەن وڵاتانی ناتۆوە دابینکراون، وەک "مشتێکی ئاسنین" کاردەکەن لە هێرشێکی بەرپەرچدانەوەی کیێڤدا، کە بۆ چونە ناو هێڵەکانی بەرگری روسیا دەستیپێکردوە.
دابینکردنی تۆپخانەی کالیبەری 155ی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا بۆ بەرەنگاربونەوەی هێرشەکانی ڕوسیا لە ڕادەبەدەر گرنگە
ئۆلێکسی رێزنیکۆڤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا پۆڵەندییەکەی باسی لهوهكرد، دابینکردنی تۆپخانەی کالیبەری 155ی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا بۆ بەرەنگاربونەوەی هێرشەکانی ڕوسیا لە باشور و ڕۆژهەڵات، لە "ڕادەبەدەر گرنگە".
پێویستمان بە تانکە نوێیەکانی ناتۆ هەیە
وتیشی، "پێویستمان بە تانکە نوێیەکانی ناتۆ هەیە، لەگەڵ تانکە گرنگەکانی وڵاتانی ناتۆ، بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە، وەکو مشتێکی ئاسنین بەکاریان دەهێنین بۆ شکاندنی هێڵەکانی بەرگریی روسیا".
لایخۆیەوە ماریوس بلاسچاک، وەزیری بەرگری پۆڵندا کە ڕۆژی هەینی سهردانی کیێڤی كرد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕێزنیکۆڤ، رایگەیاند، "وارشۆ هاوکارە بۆ راهێنانی سەربازانی ئۆکرانیا بۆ بەکارهێنانی تانکی ڕۆژئاوایی، مەشق و ڕاهێنانەکە چەند هەفتەیەک دەخایەنێت نەک چەند رۆژێک یان چەند مانگێک".
مۆسکۆ هەوڵەکانی بۆ پێشڕەویکردن لە رۆژهەڵات چڕتر کردەوە
کیێڤ مانگی رابردو بەڵێنەکانی لە رۆژئاواوە بەدەستهێنا کە تانکی شەڕکەری بۆ دابین بکات بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە بەرپەرچدانەوەی لەشکرکێشی روسیا، لەکاتێکدا مۆسکۆ هەوڵەکانی بۆ
پێشڕەویکردن لە رۆژهەڵات چڕتر کردەوە.
ئۆکرانیا پێشبینی دەکات لە قۆناغی یەکەمی گەیاندنی 120 بۆ 140 تانکی رۆژئاوایی لە هاوپەیمانی 12 وڵات وەربگرێت
دیمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا رایگەیاند، حکومەت پێشبینی دەکات لە قۆناغی یەکەمی گەیاندنی 120 بۆ 140 تانکی رۆژئاوایی لە هاوپەیمانی 12 وڵات وەربگرێت، لەوانە تانکی "لیۆپارد 2"ی ئەڵمانی، تانکی "چالنجەری 2"ی بریتانی و تانکی "ئێم 1" ئەبرامزی ئەمریکی.
هاوکاری نوێی ئەڵمانیا-ئەمریکی بۆ ئۆکرانیا
پات ڕیدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگهیاند، پاکێجێکی نوێی هاوکاری بۆ ئۆکرانیا پهسهندكراوه، کە بەهاكهی نزیکەی 2.2 ملیار دۆلارە.
وتەبێژی پنتاگۆن لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پاکێجە نوێیەکە بریتییە لە (GLSDB)، کە بریتین لە بۆمبی تیرە بچوک کە لە زەویەوە هەڵدەدرێن و بە موشەک بەرەو مەودای 150 کیلۆمهتر دەجوڵێنرێن، ئەمەش وادەکات هێزەکانی ئۆکرانیا بتوانن هێڵەکانی دواوەی هێزەکانی ڕوسیا بکەنە ئامانج.
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، گۆڤاری سپیگل لە زاری سەرچاوەکانەوە رایگەیاندوە، ئەڵمانیا لەگەڵ حکومەتی سوید قسە دەکات سەبارەت بە کڕینی ئامێری هەڵدانی گەورە کە توانای سیستەمی بەرگری ئاسمانی (Iris-T) بەرز بکاتەوە، کە بەرلین بەنیازە بینێرێت بۆ ئۆکرانیا.
ئەڵمانیا یەکێک لە سیستەمەکانی ئایریس-تی رەوانەی ئۆکرانیا کردوە و پلانی هەیە زیاتر بنێرێت
ئەڵمانیا یەکێک لە سیستەمەکانی ئایریس-تی رەوانەی ئۆکرانیا کردوە و پلانی هەیە زیاتر بنێرێت وەک وەڵامێک بۆ داواکانی کیێڤ بۆ سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە موشەکییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی روسیا کە شارەکانی وێران کردوە لەوکاتەوەی کە لەشکرکێشیەکەی نزیک بە ساڵێک لەمەوبەر دەستیپێکردوە، هەروەها حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، کە ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دابینکردنی تانکی "لیۆپارد 1" بۆ ئۆکرانیا.
زێلێنسکی: ئۆکرانیا دەستبەرداری بەخموت نابێت
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رۆژی ههینی کاتێک لە کیێڤ پێشوازی لە سەرکردە ئەوروپییەکان کرد، کە هاتبون بۆ پشتگیریکردن لە کاندیدبونی ئۆکرانیا بۆ یەکێتی ئەوروپا، رایگەیاند، وڵاتەکەی بەرگری لە شاری بەخموت دەکات "تا دەتوانێت".
بەخموت بوەته ناوەندی شەڕەکان و لە چەند هەفتەی ڕابردودا هێزەکانی مۆسکۆ دەستکەوتی بچوکیان بهدهستهێنا
دوای نزیکەی ساڵێک لە دەستپێکردنی لەشکرکێشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، بەخموت بوەته ناوەندی شەڕەکان و لە چەند هەفتەی ڕابردودا هێزەکانی مۆسکۆ دەستکەوتی بچوکیان بهدهستهێنا بە کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە سنوردارەکانی ناوچەکە لە بەرامبەر زیانێکی زۆردا.
کەس واز لە بەخموت ناهێنێت، تا دەتوانین شەڕ دەکەین"، شارەکە "قەڵا"یە
لە کۆتایی لوتکەکەدا لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپا، زێلێنسکی جەختی لەوەکردەوە، "کەس واز لە بەخموت ناهێنێت، تا دەتوانین شەڕ دەکەین"، شارەکەی بە "قەڵا" ناوبرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر گەیاندنی چەکی (ڕۆژئاوا) بۆ کیێڤ خێراتر بێت، بەتایبەتی چەکی دور مەودا، ئێمە ڕازی نابین لە پاشەکشەنەکردن لە بەخموت، بەڵکو زیاتر دەست دەکەین بە کۆتاییهێنان بە داگیرکردنی دۆنباس".