بانکی ناوەندی عێراق و خەزێنەی ئەمریکا بۆ سەقامگیری نرخی دۆلار هەماهەنگی دەکەن

09:58 - 03/02/2023

5399جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری بانکی ناوەندی و یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمریکا کۆبونەوە

خەندان-

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق و نوێنەری وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە ئیستانبوڵ کۆبونەوە و رایانگەیاند، هەماهەنگی دەکەن بۆ سەقامگیری نرخی دۆلار و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش جەخت لە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەقامگیری ئابوری عێراق دەکاتەوە.

هەماهەنگی دەکەن بۆ سەقامگیری نرخی دۆلار 

بانکی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی و براین نیلسۆن، یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، باس لە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردولاکراوە بەجۆرێک ببێتەهۆی جێگیربونی بەهای دۆلار لەبەرامبەر دیناری عێراقی.

ئەمریکا نەرمی دەنوێنێت بەئامانجی گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان

ئەوەش هاتوە، لەکۆبونەوەکەدا وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا جەختی لە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەقامگیری ئابوری عێراق کردەوە و بڕیاریدا نەرمیش بنوێنێت بەئامانجی گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان.

رێککەوتن لەسەر بەردەوامی هاوکاری و هەماهەنگی نێوانیان

بانکی ناوەندی عێراق دەڵێت، هەردولا رێککەوتن لەسەر بەردەوامی هاوکاری و هەماهەنگی نێوانیان لەرێگەی ئەو کۆبونەوانەی کە 7ی ئەم مانگە لە واشنتن ئەنجام دەدرێن.

ئەمشەو بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دابەزی

دوای کۆبونەوەکەی نێوان بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، ئەمشەو بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دابەزی و لەم کاتەدا 100 دۆلار بە 166 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

نیشانەکردن

عێراق ئەمریکا دراو