خهندان-
ئەمڕۆ هەینی کیێڤ میوانداری لوتکەی ئۆکرانیا و یەکێتی ئەوروپا دەکات، کە یەکەمین لوتکەی لهو جۆرهیه لهوهتهی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی روسیا دەستیپێکردوە و خەریکە دەچێتە ساڵی دومهوه، بەوتەی شرۆڤەکاران، پێنج دۆسیه لهسهر مێزی گفتوگۆ دهبن، لهسهروی ههمویانهوه "دوپاتکردنەوەی پشتیوانی بێسنور" و "سهپاندنی سزای زیاتر بەسەر مۆسکۆدا".
ئۆکرانیا کە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردودا پێگەی ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپا بەدەستهێنا، هیوادارە بچێتە ناو بلۆکەکەوە، چونکە ئەو شەڕەی لە شوباتی ساڵی رابردودا له وڵاتهكه سەریهەڵداوه هۆكاربوه بۆ خێراکردنی هەنگاوەکانی بەشداریکردن، لهكاتێكدا پێشتر پڕۆژەکە تهنها لهسهر كاغهز بوه.
لوتکەکە هاوکاتە لەگەڵ كۆكردنهوهی هێزی سەربازیی گەورەی روسیا
لوتکەکە هاوکاتە لەگەڵ كۆكردنهوهی هێزی سەربازیی گەورەی روسیا و گۆڕانکاری لە سەرکردایەتی سەربازی کە جەنگی ئۆکرانیا
بەڕێوەدەبات، کە راپۆرتە ڕۆژئاواییەکان بە ئامادەکارییەکیان زانیوە بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی گەورە و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی شەڕەکە کە رەنگە شایەتحاڵی شەڕێکی سەرتاسەری بێت، دوای ساڵێک له هێرشی مۆسکۆ كه تائێستا تەنها چهند ناوچهیهكی كۆنتڕۆڵكردوه.
لوتکەی هەینی لە کیێڤ لە دوای راوێژکارییە حکومییەکانی نێوان ئۆکرانیا و کۆمیسیۆنی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت
دێنیس شمیهال، سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا باسی لە وردەکاری و ئامانجەکانی لوتکەکە کرد و وتی، "لوتکەی هەینی لە کیێڤ لە دوای راوێژکارییە حکومییەکانی نێوان ئۆکرانیا و کۆمیسیۆنی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت، کە یەکەمین لوتکەی ئێمە دەبێت لهوجۆره".
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەستنی لوتکەکە لە کیێڤ پەیامێکی بەهێزە بۆ هاوبەشەکان و دوژمنان بە هەمان شێوە، پەیامێکە بۆ بێهودەیی هەوڵەکانیان بۆ دابەشکردنی ڕیزەکانی ئەو هاوپەیمانییەی کە پاڵپشتی کیێڤ دەکات".
وتیشی، "پێشبینی دەکەین لە لوتکەکەدا هەڵسەنگاندنێکی کاتیی ئەرێنی بۆ هەوڵەکانی ئۆکرانیا بۆ گەیشتن بە یەکگرتن لەگەڵ ئەوروپا بەدەستبهێنین".
پێویستە دانوستانەکان وا له وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بكات باوەڕیان بە سەرکەوتنی ئۆکرانیا هەبێت
سهرۆك وهزیرانی ئۆكرانیا رونیشیکردەوە، "پێویستە ئەو دانوستانە وەزاریانەی بڕیارە له لوتکەکەدا بەڕێوەبچن، وا له وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بكات باوەڕیان بە سەرکەوتنی ئۆکرانیا هەبێت و پاڵپشتی هەنگاوە خێراکانمان بکەن بەرەو ئەندامبون لە یەکێتییەکە و ئامانجیشمان ئەوەیە نەخشەڕێگهیەک دابڕێژین کە چۆن بە خێرایی ڕێگای یەکگرتنی ئەوروپا تێدەپەڕێنین".
گرنگییەکی بنەڕەتی هەیە لە ڕێگەدان بە ئۆکرانیا بۆ چونە ناو بازاڕی ئابوری ئەوروپا
سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەدا کە "گرنگییەکی بنەڕەتی هەیە لە ڕێگەدان بە ئۆکرانیا بۆ چونە ناو بازاڕی ئابوری ئەوروپا، لە کاتێکدا ئابوری ئۆکرانیا لە سەرەتای لەشکرکێشییەکەی روسیا نزیکەی ساڵێک لەمەوبەرەوە ڕوخاوە".
لایخۆیهوه ئۆرسولا ڤۆن دێر لیین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یهكێتی ئەوروپا له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا رایگەیاند، "بلۆکی ئەوروپا بەنیازە تا یەکەمین ساڵیادی دەستپێکردنی شەڕەکە پاکێجێکی نوێی سزا بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنێت" و جەختی لەوەکردەوە، کە تا 24ی شوبات، واتە ڕێک ساڵێک دوای دەستپێکردنی لەشکرکێشییەکە، بەنیازین پاکێجی دەیەمی سزاکان بسەپێنین.