ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌ی سودانی له‌گه‌ڵ بازرگان و بانك و ژماره‌یه‌ك دامه‌زراوه‌ی دارایی بڵاوكرایه‌وه‌

11:11 - 02/02/2023

2427جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌مشه‌و له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ژوره‌ بازرگانییه‌كان و كۆمه‌ڵه‌ی بانكه‌كان و ژماره‌یه‌ك دامه‌زراوه‌ی دارایی رایگه‌یاند، "هه‌ندێك له‌ بانكه‌كان و نوسینگه‌كانی ئاڵوگۆڕی دراو به‌شداریه‌كی راسته‌قینه‌یان نیه‌ بۆ چه‌سپاندنی سیاسه‌تێكی دارایی نیشتمانی رێكخراو و ڕاسته‌قینه‌".


به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆكایه‌تی دوه‌مین كۆبونه‌وه‌ی یه‌كێتی ژوره‌ بازرگانییه‌كان و كۆمه‌ڵه‌ی بانكه‌ عێراقییه‌كان و هه‌روه‌ها ده‌سته‌كانی باج و گومرگ و ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و بانكی ناوه‌ندی كرد.

چاودێری و به‌دواداچون كرا بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه‌ تایبه‌تن به‌ باج و گومرگ و ده‌روازه‌ سنورییه‌كان 
له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌ باره‌ی دۆخی ئابوری له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی له‌ ژێر ڕۆشنایی هه‌ڵاوسانی به‌های دۆلار و كاریگه‌رییه‌كانیان له‌سه‌ر بازاڕی عێراق كرا، هه‌روه‌ها چاودێری و به‌دواداچون كرا بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه‌ تایبه‌تن به‌ باج و گومرگ و ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و كاری بانكی، هه‌روه‌ها پێداچونه‌وه‌ به‌ ڕێوشوێنه‌كانی حكومه‌ت سه‌باره‌ت به‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی هه‌ڵاوسانی به‌های دۆلار كرا، هه‌روه‌ها به‌دواداچونیش بۆ ئه‌و ڕاسپاردانه‌ كرا كه‌ له‌ دوایین كۆبونه‌وه‌دا ده‌ركرابون.
هه‌ندێك له‌ بانكه‌كان و نوسینگه‌كانی ئاڵوگۆڕی دراو به‌شداریه‌كی راسته‌قینه‌یان نیه‌ بۆ چه‌سپاندنی سیاسه‌تێكی دارایی نیشتمانی
له‌ میانی دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستی په‌ره‌پێدانی هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ كاری بانكه‌كان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها پاڵپشتیكردنی بۆئه‌و بانكانه‌ ده‌ربڕی كه‌ مه‌رجه‌كانی بانكی ناوه‌ندی و پێوه‌ره‌ داراییه‌كانی جێبه‌جێكردوه‌ كه‌ هاوتان له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌ داراییه‌كانی ده‌وڵه‌ت و وتیشی، "هه‌ندێك له‌ بانكه‌كان و نوسینگه‌كانی ئاڵوگۆڕی دراو به‌شداریه‌كی راسته‌قینه‌یان نیه‌ بۆ چه‌سپاندنی سیاسه‌تێكی دارایی نیشتمانی رێكخراو و ڕاسته‌قینه‌".
ئه‌م قۆناغه‌ سه‌ره‌ڕای گرینگیه‌كه‌ی، ده‌روازه‌یه‌كه‌ بۆ چاكسازی ئابوری
محه‌مه‌د شیاع سودانی فه‌رمانیكرد به‌كارئاسانیكردن له‌ ڕێكاره‌كانی مامه‌ڵه‌ی بازرگانان له‌ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ده‌وڵه‌ت و جه‌ختیكرده‌وه‌، "ئه‌م قۆناغه‌ سه‌ره‌ڕای گرینگیه‌كه‌ی، ده‌روازه‌یه‌كه‌ بۆ چاكسازی ئابوری".

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌ختی له‌ پێویستی بڵاوكردنه‌وه‌ی كه‌لتوری بانكی كرده‌وه‌، كه‌ بڕیار بو ساڵانێك پێش ئێستا جێبه‌جێبكرێت، بۆئه‌وه‌ی خاوه‌نكار و بازرگانان ئاماده‌بن بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ نوێیه‌كه‌ی بانكی ناوه‌ندی به‌پشت به‌ستن به‌ ستاندارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی سیستمی بانكی.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر كاریگه‌ری سیستمی نوێی گواستنه‌وه‌ بۆ مامه‌ڵه‌ بازرگانییه‌كان، كاریگه‌رییه‌ ئه‌رێنییه‌كانی له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌كان به‌ فاكته‌ری ساخته‌ كه‌ ئاسانكاری بۆ قاچاخكردنی دراو كردوه‌ به‌ درێژایی ساڵانی پێشو.