خەندان-
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەو دو ملیۆن لیتر نەوتەی کە بەغدا رەوانەی هەرێمی کوردستانی کردوە، (20) تەنكەر بۆ هەولێر و سۆران، (10) تەنكەر بۆ دهۆك و زاخۆ، (30) تەنكەر بۆ سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان نێردراوە و هەر خێزانێکی هەژار 100 لیتر نەوتی سپی پێدەدرێت.
2 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەبێ بەرامبەر لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە رەوانە کراوە
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "پاش گەیشتنی 60 تەنكەر بەبڕی 2 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەبێ بەرامبەر لەلایەن حكومەتی عێراقی فیدراڵەوە؛ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان 20 تەنكەری رەوانەی كۆگاكانی نەوت و كانزاكانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران، 30 تەنكەری رەوانەی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو هەردو ئیدارەی گەرمیان و راپەرین و 10 تەنكەر بۆ پارێزگای دهۆك و ئیدارەی زاخۆ كرا".
100 لیتر نەوتی سپی بۆ هەر خێزانێكی هەژارو كەم دەرامەت دابین کراوە
ئەوەشی خستوەتەڕو، "بەپێی لیستی ئامادەكراو بۆ خێزانە هەژارو كەم دەرامەتەكان كە لەرێگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان رەوانە كراوە و ، لەرێكەوتی 1ی شوباتی 2023 بە بڕی 100 لیتر نەوتی سپی بۆ هەر خێزانێكی هەژارو كەم دەرامەت دەست كراوە بەدابەشكردنی."
ناتوانێت کێشەی سستی دابەشکردنی نەوتی سپی چارەسەر بکات
پەیوەست بەم بابەتەش عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆکی لیژنەی سوتەمەنیی، پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بە خەندان-ی راگەیاند، ئەو دو ملیۆن لیتر نەوتەی بەغدا رەوانەی هەرێمی کوردستانی کردوە دەکاتە 60 تانکەر و رێژەیەکی زۆر کەمە، بۆیە باوەڕیان نییە بتوانێت کێشەی سستی دابەشکردنی نەوتی سپی چارەسەر بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێداویستی هەرێمی کوردستان بۆ نەوتی سپی ساڵانە زیاتر لە 250 ملیۆن لیترە، ئەو دو ملیۆن لیتر نەوتەی بەغداش ناردویەتی بێبەرامبەر بەسەر خێزانی هەژار و کەمدەرامەت دابەشدەکرێت.