هەنگاوێکی خەزێنەی ئەمریکا "مەترسی" لەسەر دیناری عێراقی دروست دەکات

11:38 - 01/02/2023

16476جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە ئێستا زیاتر لە 125 ملیار دۆلاری عێراق لەدەرەوەی وڵاتە و سپیکراوەتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا کۆمەڵێک کەس و کۆمپانیاو بانکی عێراقی بخاتە لیستی سزای "OAFC"ـی تایبەت بەسپیکردنەوەی پارە، ئەوەش "مەترسی" دەخاتەسەر سیستمی دارایی عێراق و بەهای دینار.

 (125 بۆ 150) ملیار دۆلاری عێراق ئێستا لەدەرەوەی وڵاتە و سپیکراوەتەوە 

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ بڵاوکردنەوەی نوسراوێکی بانکی ناوەندی کە پەیوەستە بە سزاکانی ئەمریکا بەهۆی سپیکردنەوەی پارە، ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەپێی ڕاپۆرتێکی نھێنی کە بۆ دامەزراوەی ئەتڵەنتیکی توێژینەوەی ئەمریکی ئەنجامدراوە (125 بۆ 150) ملیار دۆلاری عێراق ئێستا لەدەرەوەی عێراقە و لەچەندین وڵاتی جیاواز کە زۆرینەی بەشێوەی نامەشروع بەدەستھاتوەو بەسپیکردنەوە براوەتە دەرەوە، بەنمونە تەنھا لە لەندەن دا بەپارەی دزراوی عێراق (بەھەرێمیشەوە) بایی (10) ملیار دۆلار تەنھا موڵک کڕدراوە!".

تەواوی سیستمی دارایی و بەهای دینارەکەی لەبەردەم مەترسیدایە

ئەوەشی خستوەتەڕو، "چاوەڕێی ئەوە دەکرێت وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا کۆمەڵێک کەس و کۆمپانیاو بانک بخاتە لیستی OAFC کە پارەیان سپیکردۆتەوە!، هەرچەندە عێراق ئەو ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەشی واژۆکردوە لەپێناو سەلامەتی سیستمی دارایی و بانکی، کەئێستا تەواوی سیستمی دارایی، بانکی، نرخی دراو و بەهای دینارەکەی لەبەردەم مەترسیدایە."

عێراق لەلیستی ئەو وڵاتانەدایە کە کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی دەیگرێتەوە

پەیوەست بە سزادانی بانکەکانیش لەسەر سپیکردنەوەی پارە، سۆران عومەر دەڵێت، "لەسەر ئەو سپیکردنەوەو بردنە دەرەوەی پارەیە، وەزارەتی خەزنەی ئەمریکا ساڵی 2018 بانکی بلاد الاسلامی و سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنەکەی ( ئاراس حەبیب)ی خستە لیستی OAFC نوسینگەی کۆنترۆڵی سەروەت و سامانی بیانی، لەکاتێکدا عێراق لەڕیزی ئەو 15 وڵاتەدایە کە لەوەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لەلیستی نوسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانیدایە."

May be an image of one or more people and text

نیشانەکردن

ئەمریکا عێراق دراو