کوردێک خەڵاتی "بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ"ـی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای پێبەخشرا

11:05 - 01/02/2023

2842جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ لە واشنتن، پارێزەر بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی زیندانیانی بادینان، خەڵاتی بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێبەخشرا.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خەڵاتەکەی پێبەخشیم 

بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی زیندانیانی بادینان بە خەندان-ی راگەیاند، ساڵانە خەڵاتەکە دەبەخشرێت بە دو باشترین کەسایەتی، لەو کەسایەتیانەی لە جیهاندا بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکەن، ئەمڕۆش لە واشنتن خەڵاتەکەی لەلایەن یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێبخەشراوە.

پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بنەمایەکی سەرەکییە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە دوای دابەشکردنی خەڵاتەکە، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، خەڵاتی ساڵانەی بەرگریکاران لە مافەکانی مرۆڤ جەختکردنەوەیە لە بەردەوامی هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ وەک بنەمایەکی سەرەکی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا، لە پاڵ برەودان بە دیموکراسی، دادپەروەری، کۆمەڵگەی مەدەنی زیندو، خۆشگوزەرانی ئابوری و گرنگیدان بە پرسەکانی ژینگە.

سەرکردایەتی و بوێرییان نیشانداوە بۆ بەرەوپێشبردن و بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ

لە پاڵ بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی زیندانیانی بادینان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەڵاتی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤـی بە نۆ کەسایەتی دیکەش لەئاستی جیهان بەخشی کە "سەرکردایەتی و بوێرییان نیشانداوە بۆ بەرەوپێشبردن و بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ، ئازادییە بنەڕەتییەکان و بەرپەرچدانەوە و ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن حکومەت و بازرگانەکانەوە، هەروەها کاریانکردوە بۆ پاراستنی ژینگە، باشترکردنی حوکمڕانی، و دەستەبەرکردنی لێپرسینەوە و کۆتاییهێنانی دەربازبون بە بێ سزا."

بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە دەستگیرکراون و سزادراون

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی سەرۆکی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی زیندانیانی بادینان دەڵێت، بەشدار حەسەن و ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی دیکە، بەشێوەی خۆبەخش پارێزەری دۆسیەی دەستگیرکراوانی بادینان بون کە وەک رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەراپۆرتەکەیدا ئاماژەی پێداوە و ئاشکرایکردوە کە دەستگیرکراوانی بادینان "بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە" دادگایی کراون و سزادراون.

ڕوبەڕوی هەوڵی ترساندن، هەراسانکردن و هەڕەشەی کوشتن بونەتەوە

ئەوەشی خستوەتەڕو، تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی زیندانیانی بادینان لەماوەی رابردودا بۆ بەرگریکردن لە دەستگیرکراوەکانی بادینان روبەڕوی مەترسی گەورە بۆسەر ژیانی کەسی و پیشەییان بونەتەوە، ئەوە جگە لەوەی ڕوبەڕوی هەوڵی ترساندن، هەراسانکردن و هەڕەشەی کوشتنیش بونەتەوە.