لێدوانی تازەی سودانی لەبارەی گۆڕینی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار

10:47 - 31/01/2023

8818جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەر بڕیارێک لەسەر سیاسەتی دارایی وڵات بدرێت بە رەچاوکردنی رێکارە دروستەکان و دۆخی دارایی دەبێت، لەو چوارچێوەیەشدا گۆڕینی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2023دا گریمانەیەکە و هەمو ئەگەرێکیش لەبەردەمیاندا کراوەیە.

 پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ رەنگدانەوەی بەرنامەی حکومەت دەبێت

محەمەد شیاع سودانی ئەمڕۆ سێشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی عێراق (واع) ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ رەنگدانەوەی بەرنامەی حکومەت دەبێت و هاوشێوەی بودجەی ساڵانی پێشتر نابێت، بەجۆرێک کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە درێژخایەنەکان و ئەنجامدانی چاکسازی راستەقینە، لەوانەش دروستکردنی سندوقی گەشەپێدان بۆ ئەو پارێزگایانەی کە رێژەی هەژاری تێیاندا بەرزە، بەمەبەستی دروستکردنی دەرفەتی کار و بونیادنانی ژێرخان.

هەمو ئەگەرەکانی پەیوەست بە گۆڕینی نرخی دۆلار کراوەن

پەیوەست بە گۆڕینی نرخی دۆلاریش بەرامبەر دیناری عێراق، ئەوەی خستوەتەڕو، "بڕیارەکان لەسەر بنەمای رێکاری دروست و دۆخی دارایی وڵات دەدرێن، لەگەڵ ئەوەشدا هەمو ئەگەرەکانی پەیوەست بە گۆڕینی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار کراوەن".

دیناری عێراقی بەهێزترە لە دۆلار

محەمەد شیاع سودانی دەڵێت، دڵنیایی دەدات لەوەی دیناری عێراقی "بەهێزترە" لە دۆلار، بۆیە داوا لە هاوڵاتیانیش دەکات دۆلار نه‌كڕن، چونكه‌ حکومەت نرخه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ نرخی فەرمی خۆی.

لەبودجەدا پارە بۆ هاوکاری خێزانە هەژارەکان تەرخان دەکەین 

باسی لەوەشکرد، لە پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵدا برگەیەک دیاری دەکەن کە لەرێگەیەوە راستەوخۆ هاوکاری خێزانە هەژارەکان دەکرێت.

نیشانەکردن

عێراق دراو دۆلار