خەندان-
رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی ریزبەندی گەندەڵترین وڵاتانی جیهانی بۆ ساڵی 2022 بڵاوکردەوە و بەگوێرەی ریزبەندییەکەش دانیمارک، فینلاند و نیوزلاند لەئاستی جیهان کەمترین گەندەڵیان تێدایە و هەریەک لە سۆماڵیا، سوریا و باشوری سودانیش وەک گەندەڵترین وڵاتانی جیهان دیاریکراون.
دانیمارک دەستپاکترین وڵاتانی جیهانە
رێکخراوی
شەفافیەتی نێودەوڵەتی ریزبەندییەکەی لەسەر 100 نمرە بۆ وڵاتان داناوە، لە سفرەوە دەستپێدەکات کە مانای گەندەڵترینە و دەگاتە پلەی 100 کە مانای وایە هیچ گەندەڵییەک لەو وڵاتەدا نییە و هیچ وڵاتێکیش نەگەیشتوەتە ئەو پلەیە، بەڵام دانیمارک بە کۆکردنەوەی 90 نمرە، فینلاند 87 نمرە و نیوزلاندیش بە 87 نمرە بون بە دەستپاکترین وڵاتانی جیهان.
سۆماڵیا گەندەڵترین وڵاتانی جیهانە
هەروەها سۆماڵیا (12 نمرە)، سوریا (13 نمرە)، باشوری سودان (13 نمرە)، ڤەنزوێلا (14 نمرە)، یەمەن (16 نمرە)، لیبیا (17 نمرە)، کۆریای باکور (17 نمرە) و هایتی (17 نمرە) وەک گەندەڵترین وڵاتانی جیهان دیاریکراون.
عێراق لەڕوی دەستپاکییەوە 157هەمین دەوڵەتی جیهانە
عێراق لە ریزبەندییەکەی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، لەناو 180 دەوڵەتی جیهاندا پلەی 157ـی وەرگرتوە و 23 نمرەی بەدەستهێناوە، هەروەها لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیش حەوتەم گەندەڵترین وڵات بوە.