حاكم قادر: چارەسەری کێشەکان بەعینادی شەخسی ناکرێت

07:56 - 31/01/2023

2091جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی ڕایگەیاند، کێشەکانی هەرێم و بەغدا کاریگەری ڕاستەوخۆی خستۆتە سەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان، بۆیە پێویستە حكومەتی ھەرێم و حكومەتی ناوەندی بە دانیشتن و گفتوگۆ و دانوستان بگەن بە ڕێكەوتن، چونکە "چارەسەری کێشەکان چ لە هەرێم چ لەبەغدا بەعینادی شەخسی ناکرێت".

ئەركی حكومەتی ھەرێمە ده‌رچوانی به‌شه‌ پزیشكییه‌كان دابمه‌زرێنێت

لەمیانی بەشداریکردنی لە خولێكی فریاگوزاری سەرەتایی کە بۆ ژمارەیەك خوێندكاری بەشە جیاوازەكانی پزیشكان و تازە دەرچوانی ئەو بەشە ڕێکخرابو، حاکم قادر حەمەجان ئەوەشی خستەڕو، "ئەركی حكومەتی ھەرێمە ده‌رچوانی به‌شه‌ پزیشكییه‌كان، به‌پێی پێویست دابمه‌زرێن و هه‌لی كاریان بۆ بڕه‌خسێت."

نابێت ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان تێکەڵ بەململانێی سیاسی بکرێت

ئاماژەی بەوەشکردوە، "نابێت ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان تێکەڵ بەململانێی سیاسی، حزبی و شەخسی بکرێت، چونكە چارەسەری کێشەکان چ لە هەرێم چ لەبەغدا بەعینادی شەخسی ناکرێت و لە ئێستاشدا ڕێکەوتنێکی ورد و ئاشکرا و شەفاف لە هەمو شت بۆ گەلەکەمان گرنگترە."

دانوستاندن لە نێوان لایەنە سیاسیە كوردییەكان نیشانەی لاوازیی نییە

حاكم قادر دەڵێت، "كۆبونەوەو دانوستاندن لە نێوان لایەنە سیاسیە كوردییەكان لە ناوخۆی ھەرێم نیشانەی لاوازی نییە، بەڵكو ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە لەو دۆخەی ڕوبەڕوی گەلەكەمان بۆتەوە، بە مەرجێك گفتوگۆكانیان لە بەرژەوەندی ھاوڵاتیان و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان بێت."