خه‌ندان-
سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا رایگه‌یاند، مۆسكۆ پشتیوانی له به‌رژه‌وه‌ندی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك كۆماری توركیا ده‌كات بۆ یه‌كلاكردنه‌وه و ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی گشتیی نێوان توركیا و سوریای دراوسێ، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش رێكه‌وتن كراوه به‌چاودێری مۆسكۆ و تاران په‌یوه‌ندی ئه‌و دو وڵاته ئاسایی بكرێته‌وه.
سێرگی لاڤرۆڤ له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، ئه‌مڕۆ ڕێككه‌وتنێك كرا به ئامانجی به‌شداریكردنی ئێران له پرۆسه‌ی یه‌كلاییكردنه‌وه و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان توركیا و سوریا، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه شتێكی لۆژیكییه و په‌یوه‌ندییه‌كانی داهاتوی ئه‌و دو وڵاته‌ش، له‌لایه‌ن ڕوسیا و ئێرانه‌وه نێوه‌ندگیری ده‌كرێن.
ده‌بێت به توندی به‌رده‌وام بین بۆ گه‌یشتن به ئه‌نجامه تایبه‌ته‌كان
وتیشی، "سه‌باره‌ت به كات و شێوازی په‌یوه‌ندیه‌كانی داهاتو له‌سه‌ر ئاستی سه‌ربازی و دیپلۆماسی، كار له‌سه‌ر ئه‌و رێكه‌وتنه ده‌كرێت، ده‌بێت به توندی به‌رده‌وام بین بۆ گه‌یشتن به ئه‌نجامه تایبه‌ته‌كان".
لێدوانی ئه‌ردۆگان سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری دیداری به‌شار ئه‌سه‌د، یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ پێشخستنی پرۆسه‌ی ئاساییكردنه‌وه
له‌لای خۆشیه‌وه، ئه‌ندریه بۆراڤۆڤ كونسوڵی ڕوسیا له ئیستانبوڵ ڕایگه‌یاند، لێدوانی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری دیداری به‌شار ئه‌سه‌دی هاوتا سوریه‌كه‌ی، یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ پێشخستنی پرۆسه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی نێوان ئه‌نقه‌ره و دیمه‌شق.
پێشتر ئه‌ردۆگان ڕایگه‌یاندبو، پێشنیاری بۆ ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆكی ڕوسیا كردوه كه كۆبونه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی توركیا و ڕوسیا و سوریا ئه‌نجامبدرێت، پێویستیشه پێش كۆبونه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كان كۆبونه‌وه‌یه‌ك بكرێت كه سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری و نوێنه‌رانی وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری و ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر سێ وڵاته‌كه به‌شداربن".
مانگی (كانونی یه‌كه‌م/12)ی ساڵی ڕابردو، ڕوسیا میوانداری یه‌كه‌مین وتوێژی نێوان وه‌زیرانی به‌رگری توركیا و سوریای كرد له ماوه‌ی 11 ساڵدا بۆ یه‌كه‌مجاربو ئه‌نجامبدرێت.