خەندان - زەند شازین
هەموان حەز بە گۆڕانکاری دەکەن لە شێوازی ژیانیان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو گۆڕانکارییە گۆڕانێکی گەورەیە یاخود سادە، بەتایبەت لەقژدا بەهۆی ئەوەی بەڕێژەیەکی زیاتر بەدیارکەوتوە لەنێو کۆمەڵگادا، و هزر و چاوەکانی هەمیشە لەسەرن، بەتایبەتیش قژی کاڵ کە لای بەشێک لە گەنجان و هاوڵاتیان شێوازێکی سەرنجڕاکێشە، بۆ ئەو هەنگاوەش پزیشکان نۆ رێگەی سروشتی دەخەنەڕو.
بۆ هەردو ڕەگەز گونجاون
ئەگەری هەیە ئەم پڕۆسەیە کەمێک ئاستەنگی تێدابێت، بەڵام ئەستەم نییە و دەرەنجامە ناوازەکانیش ڕاستەوخۆ بەدیارناکەون بەڵکو بەردەوامی لەبەکارهێنان و ئارام گرتن، سەرەکیترین هۆکارن بۆ گەیشتن بەو رەنگە کاڵەی دڵخوازی خۆتە، کە بۆ هەردو ڕەگەز گونجاون و سەرجەمییان قۆناغ بە قۆناغ دەرئەنجامییان دەبێت.
بەردەوام بون لەسەر بەکارهێنانی ئەنجامی کاریگەری دەبێت
وەک لە توێژینەوەکاندا هاتوە، بەکارهێنانی یەکێک لەو رێگایانە کاتیان دەوێت و ئەنجامی کتوپڕییان نییە، بەڵام زۆرینەیان لەماوەی مانگێکدا ئەنجامەکانی بەدیار دەکەوێت و بەردەوام بونیش لەسەر بەکارهێنانی ئەنجامی کاریگەری دەبێت.
نۆ رێگە بۆ کاڵکردنەوەی قژ بەشێوەیەکی سروشتی:
1- بەکارهێنانی لیمۆ
لیمۆ دەتوانرێت بەچەند شێوەیەک بەکاربهێنرێت. بەنمونە، دەتوانیت 30 بۆ 40 دڵۆپ زەیتی لیمۆ بکەیتە نێو شامپۆی سەر شتنەکەتەوە، لەم ڕێیەوە کاتێک سەرت شوشت سود لە لیمۆکە وەربگریت، یاخود دەتوانیت دو لیمۆی سروشتی بگوشیت و لەگەڵ ئاودا تێکەڵی بکە و بیکەرەنێو پەمپێکی ئاوەوە و تەواوی قژەکەتی پێ تەڕبکە، چونکە لیمۆ کرداری ئۆکساندن دەکات و بەهۆی ترشی ئەسیدیكەوە، بۆیەی سروشتی لەقژ کەم دەبێتەوە و پێش کردنەوەی توێخی قژەکەش، لەلایەن گەرمی خۆرەکە خۆیەوە، ئاوی لیمۆکە دەست بە کرداری بەکاڵبونەوە دەکات.
پاشان قژت بدەرە بەر تیشکی خۆر بۆ ماوەی 1 بۆ 2 کاژمێر تاکو تەواو وشك دەبێتەوە. چونکە لەکاتی بەرکەوتنی تیشکی سەرو بنەوشەیی خۆرەکە، ماددەی ئاکا میلانین لەقژدا تێکدەشکێنرێت و بەرە بەرە ڕەنگە زەقەکەی نامێنێ و قژەکە ئاڵ و کاڵ دەبێتەوە. لەدوایدا سەرت بشۆ، بەڵام بیرت نەچێ کۆندشنەر (حەمام زیت) بەکاربێنە (ئەگەر لەگەڵ زەیتی گوێز هندییش تێکەڵ بکرێت چاکترە) چونکە بەهۆی لیمۆکەوە قژت هەست بەوشکێتییەکی لەڕادەبەدەر دەکات و پێویستە هاوسەنگ بکرێتەوە، لەبەرئەوە نابێ بەلایەنی زۆرەوە لەهەفتەی جارێک زیاتر ئەم پڕۆسەیە ئەنجام بدرێت، بەڵام لەهەمان کاتیشدا لیمۆ سەرت لەچەوری و کڕێش و پیسی دەپارێزێ و پاک دەیهێڵێتەوە، و لەگەڵیدا هانی بەرهەمهێنانی مادەی کۆلاجین دەدات.
دوابەدوای گوشراوی لیمۆ، زەیتی لیمۆشمان هەیە کە نامۆ نییە بەخودی لیمۆ و هەر لە میوەکە خۆیەوە و بەرهەم دەهێنرێت. دینا فالکۆنی نوسەری جوانکاری سروشتی پێشنیاری بەکارهێنانی لەشامپۆدا دەکات بۆ کاڵبونەوەی قژ، وێڕایی ئەمیش ئەرکی شەڕکردن لەبەرامبەر چەوری قژدا وەردەگرێت و بەیەکجاری کۆتایی پێدەهێنێت.
بەڵام چ زەیتی لیمۆ بێت یان گوشراوی لیمۆ، بەهیچ جۆرێک نابێت بەکاربهێنرێت ئەگەر خاوەنی پێستێکی هەستیار و قژێکی وشکیت.
2- کەبسولی ڤیتامین C
5 بۆ 10 کەپسولی یاخود حەبی ڤیتامین C بهاڕە یاخود وردی بکە بەدەست تاکو دەبێت بەپاودەرێک پاشان بیکەرە نێو بوتڵێک یان پەمپێکی ئاوەوە و بیپرژێنە بەسەر قژەکەدا، پاشان پێوەی بهێڵەرەوە بۆ ماوەی یەك کاتژمێر.
لەهەمان کاتدا دەتوانیت پاودەرەکە بکەیتە نێو شامپۆکەتەوە و پاشان مەساج بەقژەکە بکە و سەرت دابپۆشە بەکیسەیەک بۆ ماوەی نیو کاژمێر ئەگەر قژەکەت قاوەییە و کاتژمێرێکی تەواویش با پێوەی بمێنێتەوە، ئەگەر قژەکەت ڕەشێکی تێرە.
ڤیتامین C بەهۆی هەبونی ترشێکی زۆری سیتریك، کاریگەرییەکی بەهێزی هەیە بۆ کاڵبونەوەی قژ و لەهەمان کاتدا توانای هەیە قژەکە لەڕوتاندنەوە بوەستێنێت و درێژیبکاتەوە، و یارمەتی بدات بۆ ڕزگاربون لەچەوری و ڕشک و ئەسپێ.
3- خوێواو (ئاو و خوێ)
خوێ کارلێک لەگەڵ کیراتین لە قژتدا دەکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سروشتی تۆنەکەی کاڵ بکات. هەروەها خوێ پڕە لە کانزاکانی وەک مەگنیسیۆم و کالیسیۆم و پۆتاسیۆم کە هەمویان دەبنەهۆی مانەوەی بەتەندروستی. وە لەتوانایدایە چەند ئەنزیمیی دیکە لەکار و کارا بکات.
یەک کەوچک خوێ لەگەڵ نیو کوپ ئاوی گەرم تێکەڵ بکە و بە یەکسانی با سەرجەم قژت بگرێتەوە و تەڕی بکە پێی، دواتر بۆ ماوەی بیست خولەک بیهێڵەرەوە و پاشان بیشۆ.
4- ئاوگی سێو - سرکەی سپی (خەل)
دەتوانین بڵێین سرکەی سێو (ACV) لەم ڕۆژانەدا وەڵامدەرەوەیە بۆ هەمو شتێک. چونکە چارەسەرێکی بەناوبانگی ماڵەوەیە بۆ زۆرێک لەڕۆتینەکانی جوانکاری، لەنێویاندا بۆ قژ لەڕێگەی نەهێشتنی چەوری زیادە، و کاری کاڵبونەوەی قژیش دەکات.
چوار بۆ پێنج کەوچک چای سرکە بکە نێو پەرداخێک ئاوەوە و تێکی بدە، پاشان بەهەمان شێوەی ئەوانی تر بیکەرە نێو پەمپێکی ئاوەوە وبیپرژێنە بەهەمو بەقژەکەتدا و تانیو کاژمێر باپێوەی بمێنێتەوە، یاخود ڕێگەیەکی تر هەیە ئەویش شوشتنی قژەکەیە سەرەتا پاشان بەچەند دڵۆپێک لەسرکە مەساج بەقژت بکە پاشان ئاوێکی پێدا بکەوە و کۆدشنەرەکە بەکاربهێنە، بێ لەمانەش دەتوانیت ماسکێکی دیکەی نوێی لێ دروستبکەی بۆ کاڵکردنەوەی قژ بەپشت بەستن بەڕیگاکانی تر.
سرکەی سێو لەهەفتەیەکدا تەنها دو جار پێوسیتە بەکاربهێنرێ تاکو توشی خوران وشکبونەوە و هەر گرفتێکی تر کە هەیە نەبیت.
5- گیراوەی سۆدە و هایدرۆجین پێرئۆکسید.
سۆدەی لیمۆ دەتوانرێت هەم بەتەنها خودی خۆی بەکاربهێنیت لەم پڕۆسەیە، وە بەهەمان شێوە لەگەڵ هایدرۆجین پیرئۆکسید’یش دەتوانرێ بەکاربێت، تەنانەت بەکاریگەرییەکی چاکتر و خێراتر.
هەردو ئاوێتە بۆ سپیکردنەوەی دەم و دان بێ وێنەن، هاوکات بۆ قژ کاڵکردنەوەش بەڕێگەی زۆر چالاک لەقەڵەم دەدرێت لەچاو گیراوەکانیتردا، بەهۆی ئەوەی سۆدەی لیمۆ ماددەیەکی ئەلکالینە (تفت)، بەو جۆرە یارمەتیدەرە بۆ هایدرۆجین پیرئۆکسید لەدو ڕوەوە زیاتر کاربکات، یەکەم بەشی دەرەوەی چینی توێکڵی قژ دەکاتەوە، تاکو یارمەتی بدات بچێتە نێو کۆرتێکس و قوڵایی قژەوە. دوەم، کاتێک لەگەڵ هایدرۆجین پێرئۆکسید یەکدەگرێ یارمەتی تێکشکاندنی میلانین دەدات لەقژدا.
سەرەتا هەردو پێکهاتەکە تێکەڵ بکە، بەڵام هایدرۆجین پێرئۆکسیدەکە پێویستە بڕەکەی %3 بێت و تەنها کەوچکێک دەکەیتە نێو سۆدەکەوە، پاشان بە یەکسانی بەسەر قژتدا بڵاوی بکەرەوە، بۆ ماوەی 15 خولەک تا کاتژمێرێک بە پێی قژت تا چەند ڕەشە، بیهێڵەرەوە، لەکۆتایدا بەئاوی سارد بیشۆ و ئەنجامە سەرنجڕاکێشەکەی ببینە.
6- ماسکی دارچین و هەنگوین
هەنگوین پێرئۆکسیدی هایدرۆجینی تێدایە، و کاتێک لەگەڵ دارچینەکە تێکەڵ دەکرێت، پێرئۆکسید هایدرۆجینەکە چالاک دەبێ و گەشە دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی کاڵبونەوەی قژت.
لەهەمان کاتدا، دارچین دژە هەوکردنە و دژە ئۆکسێنەرێکی دەوڵەمەندە، و دەتوانن یارمەتیدەر بن لە پاراستنی پێستی سەر و قژ لەتێکچون و خوران و هەوکردن و زیانە توندەکانی دیکە، وە دەتوانن قژ بە پاک و تەندروستی بهێڵننەوە. دواتر هەنگوینش مادەیەکی شێدارکەرەوەیە، کە شێ دەکێشێتە نێو تاڵەکانی قژتەوە، و خۆراکێکی قوڵ و سروشتییە بۆ قژ، و شێ و بریقە بۆ قژەکەت زیاد دەکات.
کەوچکێک هەنگوین و کەوچکێک دارچینی تێکەڵ بکە لەناو قاپێکدا. با تێکەڵەکە بۆ ماوەی نیو کاژمێر تا کاژمێرێکی تەواو بەقژەکەوە بمێنێتەوە بۆ ئەوەی ئەو هایدرۆجین پێرئۆکسیدەی لە ناو هەنگوینکەدا هەیە چالاک بێت. پاشان 2 کەوچکی چێشت ئاوی تێبکە تاکو ماسکەکە کەمتر لیچ و لکێنەر بێت بەسەرتەوە، وە کەوچێککی چێشت زەیتی زەیتونیشی تێبکە بۆ زیادکردنی شێ بۆ قژەکەت.
7- زەیت و چای گوڵەبەیبون
گوڵەبەیبون چجای چاکەی بێت یاخود زەیتەکەی، بە یارمەتیدەری گەشەکردنی قژ ناسراوە، بەو پێیەی سوڕی خوێن بۆ پێستی سەر و بۆتاڵەکانی قژ باشتر دەکات. بەم شێوەیەش پێستی سەر تەندروست دەبێت بۆ وەرگرتنی ئەو ماددە خۆراکیانەی کە پێویستن بۆ گەشەکردنی قژت. وە دەتوانێت ڕوتاندنەوە بوەستێنێ و هاوکاربێ لەدرێژبونەوەی قژ.
لەڕێی چای گوڵەبەیبونەوە دەتوانی ئەو تۆنە درەوشاوە زێڕینەی منداڵیت بۆ بگەڕێتەوە کە خوازیاربویت هەرگیز نەڕوات. سەرەتا نیو کوپ چای گوڵەبەیبون بکوڵێنە تاکو بکوڵێ پاشان لێی بگەڕی تا سارد دەبێتەوە، و دواتر بیپاڵێوە و بیدە لەسەرت.
یاخود 4 بۆ 5 بەرگی چای بەیبون دەربهێنە و بۆ ماوەی 20 خولەک بیکوڵێنە و بیکە نێو پەمپێکەوە و بیپرژێنە بە قژەکەتدا و با 45 خولەک پێوەی بمێنێتەوە، لەدوایدا بیشۆ. وە بەهەمان شێوە چای گوڵەبەیبون دەتوانرێ لەگەڵ ڕێگاکانی تریشدا تێکەڵ بکرێ و بەکاربهێنرێت.
8- زەیتە سروشتییەکانی تر (زەیتی تۆوی ترێ و زەیتی زەیتون)
بەهەمان شێوەی زەیتی لیمۆ، زەیتی تۆوی ترێش، بەهۆی بونی لەهەمان تاس و ڕیزی مزرەمەنییەکان دەتوانرێ پشتی پێ ببەسترێت بۆکاڵکردنەوەی قژ.
هەروەها ئەمیش ئەگەر بە وریاییەوە بەکارنەهێنرێ، مەترسی بەرکەوتنی ژەهراویبون بۆ قژت دروست دەکات، کەپێی دەوترێت (Photo toxic). بەڵام لە لایەنی گەشاوەیەوە، زەیتی ترێ قژ کاڵ و بریقەدار دەکات و ڕژێنە چەورەکان دەخاتە شوێنی خۆیان. هاوشانی ئەمانە، زۆربەی خەڵک بۆنی زەیتی سروشتی ترێ بە ئارامبەخش و وزەبەخش دەزانن – کە تایبەتمەندییەکی زۆر باشە بۆ سەرینەکانمان! دواتر نوسەر فالکۆنی پێشنیاری تێکەڵکردنی زەیتی ترێ و لیمۆ دەکات لە شامپۆدا بۆ قژ کاڵکردنەوە و چارەسەری زەیتی بۆ هەندێک لەکێشەکانی قژ.
زەیتی زەیتون جگە لەهەبونی چەندین سودی ئاشکرا، ڕێگەیەکی بێ زیان و لە هەمان کاتدا کاریگەرە بۆ لابردنی هەر ڕەنگێکی هەمیشەیی نەخوازراو لە قژتدا، و بەرە بەرە کاڵیان دەکاتەوە.
9- چەند ڕیگایەکی تری وەک (شامپۆ، خەنە، و زەردەچەوە)
• ئەگەر خوازیاریت ڕیگەی شامپۆ تاقیبکەیتەوە. کۆمەڵێکی زۆر لە براندی جیهانی شامپۆ و کۆندشنەر هەن کە گەرەنتی کاڵبونەوەی قژ دەکەن بەکەمترین زیانەوە.
• چەندەها ڕەنگی خەنە هەیە کەدەتوانرێ بەکاربهێنرێت بۆ ڕەنگکردن و کاڵکردنەوەی قژ. بێ لەم مەبەستە، بەشێکی زۆریان وەک دەرمان و بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لەکێشەکانی قژ بەسودن. بەتایبەت (خەنەی هندیی) کە لەهەرێمی ڕاجسان بەرهەرم دێت، لەگەڵ (خەنەی سعودیی).
• زەردەچەوە: 2 کەوچک تۆزی زەردەچەوە و 4 کوپ ئاوی گەرمی گەرم تێکەڵ بکە واتە (چای زەردەچەوە) دروست بکە، لەناو دەفرێکی گەورەدا. پاشان تەواوی سەرت لەناویدا بۆ ماوەی 15 خولەک نوقم بکە، وە بڕیار بدە کام دەست بکەیتە قوربانی بۆ مەساج پێکردنی. یاخود ڕێگەیەکی دیکە، دەتوانی وەک ئەوانی تر تێکەڵەیەکی لەگەڵ شتەکانی تردا پێ دروست بکەی، واتە لەگەڵ هەنگوین و سرکەی سێو و هێلکەش دەتوانرێ ماسکێکی نوێی لێ بەرهەم بهێنرێت، و بۆ ماوەی 2 کاژمێر بەسەرت بیهێڵەوە تاکو تەواو قژت بەتەواوی سود لەزەردەچەوەکە وەربگرێ لەکۆتایدا بەجوانی سەرت بشۆ.