هۆکاری دابەشنەکردنی نەوتەکەی بەغدا دەخرێتەڕو

01:29 - 30/01/2023

4870جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ماوەی چەند رۆژێکە بەغدا بڕی دو ملیۆن لیتر نەوتی سپی رەوانەی هەرێمی کوردستان کردوە، بەڵام تائێستا دابەشکردنی نەوتەکە دەستیپێنەکردوە و سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆکیش دەڵێت، کەمی بڕی نەوتەکە و بێبەرامبەر دابەشکردنی، وایکردوە دانانی میکانیزمێک بۆ دابەشکردنی نەوتەکە کاتی زیاتری بوێت.

ئەو بڕە نەوتە کێشەی سستی دابەشکردنی نەوتی سپی چارەسەر ناکات 

عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆکی لیژنەی سوتەمەنیی، پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بە خەندان-ی راگەیاند، ئەو دو ملیۆن لیتر نەوتەی بەغدا رەوانەی هەرێمی کوردستانی کردوە دەکاتە 60 تانکەر و رێژەیەکی زۆر کەمە، بۆیە باوەڕیان نییە بتوانێت کێشەی سستی دابەشکردنی نەوتی سپی چارەسەر بکات.

کاتێکی زۆرتری دەوێت تا دانانی میکانیزمێکی گونجاو بۆ دابەشکردنی دەدۆزرێتەوە

ئاماژەی بەوەشکرد، پێداویستی هەرێمی کوردستان بۆ نەوتی سپی ساڵانە زیاتر لە 250 ملیۆن لیترە، ئەو دو ملیۆن لیتر نەوتەی بەغداش ناردویەتی بێبەرامبەر بەسەر خێزانی هەژار و کەمدەرامەت دابەشدەکرێت، ئەوەش گرفتێکی دیکەیە کە وایکردوە کاتێکی زۆرتری بوێت تا دانانی میکانیزمێکی گونجاو بۆ دابەشکردنی دەدۆزرێتەوە.

بۆ دەستکەوتنی قازانجی زیاتر بەشێکی زۆری غازەکە بە بازرگانی دەفرۆشێت

پەیوەست بە کەمبونەوەی غازیش، سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک وتی، هۆکاری سەرەکی کەمبونەوەی غاز بۆ کۆمپانیای بەرهەمهێنانی غاز دەگەڕێتەوە، چونکە بەگوێرەی رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی هەرێم دەبوایە تاوەکو پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆی کوردستان، غاز بە بازرگانی نەفرۆشێت بەڵام لەئێستادا کۆمپانیاکە بۆ دەستکەوتنی قازانجی زیاتر بەشێکی زۆری غازەکە بە بازرگانی دەفرۆشێت کە جیاوازییەکەی لەگەڵ غازی حکومی دوبەرامبەر گرانترە، ئەوەش وایکردوە داهاتی زیاتر بۆ کۆمپانیاکە بگەڕێتەوە.

25ی ئه‌م مانگه‌، حكومه‌تی عێراق بڕیاریدا 60 تەنكەر نه‌وتی سپی كه‌ ده‌كاته‌ دو ملیۆن لیتر ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات و 28ی ئەم مانگەش ره‌وانه‌كردنی نه‌وته‌كه‌ ده‌ستیپێكرد، حكومه‌تی هه‌رێمیش بڕیاریداوه‌ 30 تانكه‌ر بۆ پارێزگای هەولێر، دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ و بێت و 30 تانكەریش بۆ پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەرین بێت.

نیشانەکردن

نەوت