وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەڵاتی جیهانی مافەکانی مرۆڤ دەبەخشێتە پارێزەرێکی کورد

08:46 - 29/01/2023

3991جار خوێندراوەتەوە

بەشدار حەسەن

خەندان-

بەشدار حەسەن، پارێزەری کورد بو بە براوەی خەڵاتی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بۆ ساڵی 2022، کە خەڵاتێکە ساڵانە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەیبەخشێت بە دو باشترین کەسایەتی لە ئاستی جیهاندا کە جێدەستیان لەبواری بەرگریکردن لە مافی مرۆڤ دیار و بەرچاوە.

ساڵانە خەڵاتەکە دەدرێت بە دو کەسایەتی لە ئاستی جیهان

بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی زیندانیانی بادینان به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "لەسەر ئاستی جیهان ساڵانە لە سەرەتای مانگی دو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دو باشترین کەسایەتی خەڵات دەکات، لەو کەسایەتیانەی بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکەن، مەراسیمەکەش لە واشنتنە و ناوی خەڵاتەکەش: Human Rights Defenders Award".

لەناو 600 کەسدا، دو کەس هەڵبژێردراون 

ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆ ساڵی 2022 لە نێو زیاتر لە 600 سیڤی کە لەلایەن باڵیۆزخانە، کونسولگەرییەکان و نێردە دیپلۆماتیەکانی ئەمریکا لەسەرتاسەری جیهان کە سیڤی خەڵکیان ناردوە بۆ وەزارەتی دەرەوە، من و کەسێکیتر لە وڵاتێکی ترەوە دەستنیشان کراوین بۆ وەرگرتنی ئەم خەڵاتە".

خەڵاتەکە رۆژی 2023/2/1  دابەشدەکرێت 

بەشدار حەسەن وتیشی، خەڵاتەکە رۆژی 2023/2/1 لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن، لەلایەن وەزیری دەرەوە یان جێگرەکەی لە مەراسیمێکدا پێشکەش دەکرێت.

بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی زیندانیانی بادینانە 

ئەو پارێزەرە کوردە بە وەرگرتنی دۆسیەی "شەهیدانی قەڵەم، شەهیدانی خۆپیشاندانەکان، پارێزەری جوتیارانی کورستان سەبارەت بە وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان لە بەغدا، زیندانیانی بادینان، شیلادزێ" بەشێوەیەکی خۆبەخش لە دادگاکانی هەولێر، زیاتر ناسراوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش وەک بەرگریکارێکی دیاری مافەکانی مرۆڤ ناویبردوە.

خەڵاتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەناوی خەڵاتی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ (Human Rights Defenders Award )ـە و ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان بە دو کەس دەدرێت.