راپرسییەک: 70%ـی گەنجانی تورکیا بیر لە کۆچ دەکەنەوە

08:19 - 29/01/2023

2309جار خوێندراوەتەوە

گەنجانی تورکیا دژی بڕیارەکانی حکومەت خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن

خەندان-

دامەزراوەی "كونراد ئاديناور"ـی ئەڵمانی لە راپرسییەکدا دەڵێت، 70%ـی گەنجانی تورکیا کە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 25 ساڵی دایە، بیر لە کۆچ دەکەنەوە و "باوەڕیان بە ئەردۆگان نییە"، هەروەها 60%ـی دیکەشیان باوەڕیان وایە داهاتویەکی باش چاوەڕێی وڵاتەکەیان ناکات.

گەنجان هەست بە باشتربونی دۆخی ئابورییان ناکەن

خراپی دۆخی ئابوری گەنجان لە تورکیا هۆکاری یەکەمە کە گەنجان بەهۆیەوە بیر لە کۆچ بۆ دەرەوەی وڵات دەکەنەوە، بەمەبەستی دۆزینەوەی هەلی کار و باشترکردنی دۆخی داراییان، لەگەڵ نزیکبونەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وپەرلەمانی ئەو وڵاتەش، گەنجان هەست بە باشتربونی دۆخی ئابورییان ناکەن.

دۆخی ئابوری لە داهاتویەکی نزیکدا چارەسەر ناکرێت

لەم بارەیەوە پۆڵۆت ڤیسیسی، یەکێک لە و گەنجانەیە کە قسەی بۆ گۆڤاری فۆرین پۆلیسی کردوە و دەڵێت، هەلی کاری لە دامەزراوەیەکی هۆڵەندییەوە بۆ هاتوە و ئەویش پەسەندیکردوە و دەچێتە دەرەوەی وڵات، چونکە هەست ناکات ئابوری وڵاتەکەی، کێشە سیاسییەکان و هەڵاوسانی ئابوری، لە داهاتویەکی نزیکدا چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.

حکومەتی تورکیا کۆت و بەندی خستوەتەسەر ئازادی تاک

ئەوەشی خستوەتەڕو، تەنها کێشەی ئابوری هۆکاری کۆچکردنی نییە بۆ دەرەوە، بەڵکو حکومەت چاودێرییەکی توندی خستوەتەسەر قسەکردن و ناتوانێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆچونی خۆی بڵێت، ئەوەش هۆکارێکی سەرەکییە کە زۆرێک لە خەڵکی دەیانەوێت کۆچ بکەن و متمانەیان بە وڵاتەکەیان نەماوە.

ملیۆنێک و 500 هەزار هاوڵاتی تورکیا لە دەرەوەی وڵات دەژین

هەرچەندە بابەتی کۆچ لە تورکیا تازە نییە، بەڵام لە دوای خۆپیشاندانەکانی ئیستانبوڵ لە ساڵی 2013 و کودەتا شکستخواردوەکەی ساڵی 2016، کۆچی هاوڵاتیانی وڵاتەکە لەسەرجەم توێژەکان زیادیکردوە و بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دەرەوەش، لەم کاتەدا زیاتر لە شەش ملیۆنێک و 500 هەزار هاوڵاتی تورکیا لە دەرەوەی وڵات دەژین.

نیشانەکردن

تورکیا