وڵاتانی رۆژئاوا هۆشداری دەدەنە هاوڵاتیانی خۆیان لە تورکیا

09:28 - 28/01/2023

4960جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

چەندین وڵاتی ڕۆژئاوایی، لەوانە ئەمریکا، فڕەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا داوایان لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەیان کرد لە تورکیا کە "ئاگاداربن" لەبەرامبەر مەترسی هێرشەکان، ئەوەش لە پاشخانی سوتاندنی نوسخەی قورئانی پیرۆز لە سوید و دانیمارک لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی دژ بە تورکیادا.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە رایگەیاند، "لەبەر رۆشنایی روداوەکانی ئەم دواییەی سوتاندنی قورئان لە ئەوروپا، حکومەتی ئەمریکا هاوڵاتیانی خۆی لە ئەگەری هێرشی تیرۆریستی کە شوێنەکانی پەرستن لە تورکیا دەکاتە ئامانج لە پێناو تۆڵەسەندنەوە ئاگادار دەکاتەوە".

تیرۆریستان دەتوانن بەبێ ئاگادارکردنەوە هێرش بکەنە سەر ئەو شوێنانەی كه‌ پەرستنیان تیادا ئه‌نجامده‌درێت
ئاماژەی بەوەشکردوە، "تیرۆریستان دەتوانن بەبێ ئاگادارکردنەوە هێرش بکەنە سەر ئەو شوێنانەی كه‌ پەرستنیان تیادا ئه‌نجامده‌درێت، کە رۆژئاواییەکان زۆر سەردانیان دەکەن".

باڵیۆزخانەی ئەمریکا پێشنیاری کردوە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی "ئاگاداربن و خۆیان لە کۆبونەوەکان بەدور بگرن".

هەروەها باڵیۆزخانەی فڕەنسا لە ئەنقەرە پەیامێکی هاوشێوەی لە رێگەی ئیمەیڵەوە بۆ هاوڵاتیانی خۆی لەو وڵاتە ناردوە، ئەوەش بە پشتبەستن بە هۆشدارییەکەی ئەمریکا.
 دانیشتوانی فڕەنسا له‌و وڵاته‌ یان ئه‌وانه‌ی به‌و وڵاته‌دا تێپه‌ڕده‌بن داوا دەکرێت به‌ئاگابن
باڵیۆزخانەی فڕەنسا لە ئەنقەرە نوسیویه‌تی، "بە سەرنجدان بەوەی کە مەترسی هێرشی تیرۆریستی لە تورکیادا زۆرە، وەک لە ئاگاداری ئەمنیی باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە 27ی 1ی 2023دا هاتوە، دانیشتوانی فڕەنسا له‌و وڵاته‌ یان ئه‌وانه‌ی به‌و وڵاته‌دا تێپه‌ڕده‌بن داوا دەکرێت به‌ئاگابن، بە تایبەتی لە شوێنەکانی کۆبونەوە کە ئەگەری زۆرە بیانییەکان سەردانیان بکەن، لەوانەش شوێنەکانی پەرستن".

دیپلۆماتکارێکی فڕەنسی بە ئاژانسی فرانس پرێس-ی راگەیاندوە، ئەو په‌یامه‌ی حكومه‌تی پاریس لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوە و ماڵپەڕی باڵیۆزخانەی فڕەنسا لە ئەنقەرە بڵاودەکرێتەوە.
 ئەڵمانیا و ئیتاڵیا هۆشداری هاوشێوەیان ئاڕاستەی هاوڵاتیانی خۆیان کردوە و داوایان كردوه‌ به‌ ئاگابن
هەروەها ئەڵمانیا و ئیتاڵیا هۆشداری هاوشێوەیان ئاڕاستەی هاوڵاتیانی خۆیان کردوە و داوایان كردوه‌ به‌ ئاگابن.

21ی ئه‌م مانگه‌، راسمۆس پالودان، توندڕەوی سویدی-دانیمارکی لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم بە ئامادەبونی ئەفسەرانی پۆلیس نوسخه‌یه‌كی قورئانی پیرۆزی سوتاند، ئەوەش بوە هۆی ئەوەی شەپۆلێکی سه‌ركۆنه‌كرد لە جیهانی ئیسلامیدا دروست بکات.

ئەو روداوە لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکان دژی رێگریکردن لە سوید لەلایەن تورکیا و پەیوەستبونی فینلاند بۆ ناتۆ ڕویدا.

دوێنێش هەینی پالودان کارەکەی دوبارەکردەوە بە سوتاندنی کۆپییەکی دیكه‌ی قورئان لەبەردەم مزگەوتێکی پایتەختی دانیمارک، پاشان کۆپییەکی دیکەی لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا سوتاند، كه‌ هێزه‌كانی پۆلیس چاودێریان ده‌ركرد.