سەرکردەیەکی یەکگرتو لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی: دەبێت رێککەوتنەکان دەستوریی بن

02:11 - 26/01/2023

1841جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دارا سێکانیانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتو رایدەگەیەنێت، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی ناردنی هەر جۆرە پارەیەک لەدەرەوەی یاسای بودجە بۆ کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رادەگرێت، بۆیە لەکۆبونەوەکانی داهاتوی نێوان حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵیدا، بەپێویستی دەزانێت ناوەڕۆکی رێککەوتنەکان لەسەر بنەمایەکی یاسایی و دەستوریی بنوسرێنەوە.

چاوەڕێ ناکرێت هیچ پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت
دارا سێکانیانی کە هاوکات ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوشە لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، بڕیارەکەی دوێنێی دادگای فیدڕاڵی یەکەمین بڕیار نییە کە لەسەر سکاڵای پەرلەمانتارێک دەریکردوە و بەهۆی ئەوەش کە بڕیارەکە تانەی لێنادرێت، چاوەڕێ ناکرێت هیچ پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بۆیە بۆ لەمەودوا سەرکردایەتی سیاسی کورد کاتێک دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەکات، دەبێت ناوەڕۆکی رێککەوتنەکانی لەسەر بنەمایەکی دەستوریی بن.
چوارچێوەیەکی دەستوریی بۆ رێککەوتنەکان نەبێت، دادگای فیدڕاڵی هەڵیاندەوەشێنێتەوە 
ئەوەشی خستەڕو، بەگرنگی دەزانن لە سەرجەم دانوستەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، شارەزایی یاسایی، ئابوری و کارگێڕی بونیان هەبێت تاوەکو دوای رێککەوتنەکان پێداچونەوە بە لایەنی یاسایی و دەستورییەکانیدا بکەن، چونکە ئەگەر ئەو هەنگاوە نەنرێت لەکاتێکدا کورد رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەتیش بکات، ئەگەر چوارچێوەیەکی دەستوریی بۆ رێککەوتنەکە نەبێت، بە سکاڵای پەرلەمانتارێک دەکرێت دادگای فیدراڵی رێککەوتنەکە هەڵبوەشێنێتەوە.
 لایەنەکانی کوردستان بۆ بەغدا خاوەن یەک بەرنامەی هاوبەش بن
ئەو پەرلەمانتارە داوا دەکات لایەنەکانی کوردستان بۆ بەغدا خاوەن یەک بەرنامەی هاوبەش بن و کار بۆ پاراستنی پێگەی کورد بکەن لە بەغدا، بەپێچەوانەوە پەرتەوازەیی زیان بە پێگەی کورد لە عێراق دەگەیەنێت.
چاوەڕێ ناکرێت هیچ لایەنێکی هەرێم لە پرۆسەی سیاسی عێراق بکشێتەوە
پەیوەست بە کشانەوەی کوردیش لە پرۆسەی سیاسی عێراق، دارا سێکانیانی وتی، چاوەڕێ ناکرێت هیچ لایەنێکی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی سیاسی عێراق بکشێتەوە، چونکە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دانوستان و کۆبونەوە لەناو حکومەت، پەرلەمان و لایەنە سیاسیەکانی عێراق هەنگاوێکی بەردەوام و پێویستە و بە کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی، دانوستانەکانیش پەکی دەکەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکرێت هەندێک لایەن ئەو بابەتە وەک کارتی فشار بەکاربهێنن.