خەندان پلانی پارتی بۆ وەڵامی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی ئاشکرا دەکات

07:28 - 25/01/2023

21136جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بۆ ڕاگرتنی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستانی گەیاندوەتە ئەوەی کە بڕیار لە کشانەوە لە حکومەتی عێراق بدات بۆ ئەوەی کابینەکەی سودانی شکستپێبهێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنە سوننییەکان دەستپێکردوە. 

پارتی و سوننەکان لەگفتوگۆدان بۆ کشانەوە لە حکومەتی عێراق 

بەگوێرەی زانیارییە تایبەتەکانی خەندان کە لە زیاتر لە چەند سەرچاوەیەکی بڕیارەوە لە نێو پارتی دیموکراتی کوردستان و سوننەکانەوە بەدەستی گەیشتوە، سەرکردایەتی پارتی لە ئێستادا لەگەڵ لایەنە سوننییەکان لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی پێکەوە لە "هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت" و حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی بکشێنەوە، بەوەش کابینەکە لە "شکستێکی حەتمی" نزیکدەکەنەوە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی کە ناردنی هەمو شایستەیەکی دارایی بۆ هەرێم ڕاگرت. 

بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دژی بەرژەوەندییەكانی عێراق و كوردستانە

گفتوگۆکانی پارتی لەگەڵ لایەنەکانی سونە بۆ کشانەوە لە کابینەکەی سودانی لەکاتێکدایە، کە ئێوارەی ئەمڕۆ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، جێگەی داخە کە دادگای فیدڕاڵیی عێراق هەڵوێستێكی تری "دوژمنكارانە"ی بەرانبەر هەرێمی كوردستان نیشان دا و رێگری کرد لەوەی بەغدا پارە بۆ هەرێم بنێرێت، بۆیە جێگەی سەرسوڕمانە هەر كات كەشێكی ئیجابی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بوبێت دادگای فیدڕاڵی بە بڕیارێكی "دوژمنكارانە" دەرفەتەكەی لەبار دەبات. 

دادگای فیدڕاڵی عێراق ناردنی هەر بڕە پارەیەكی بۆ هەرێمی كوردستان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌

ئەمڕۆ چوارشەممە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا به‌ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە گواستنەوەی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوەش لەکاتێکدابو لە هەموان لە هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی گەیشتنی 400 ملیار دینار بون لە بەغداوە، کە پارتی لە ماوەی مانگی رابردودا وەک دەستکەوت ناویدەبرد.