خەندان-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، ئەمڕۆ لە سنوری ناحیەی سیروان دو منداڵی تەمەن هەشت ساڵ و 12 ساڵ کەوتنەناو بیرێک و دوای دەرهێنانەوەیان گەیەنراونەتە نەخۆشخانە، بەڵام لەوێ گیانیانلەدەستداوە.
دو برای تەمەن 8 و 12 ساڵ کەوتنە ناوبیرێکەوە
بەرزان عوسمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە خەندان-ی راگەیاند، روداوەکە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگوندی دوانزە ئیمامی سەر بەناحیەی سیروان رویداوە، کە تیایدا دوبرا بەناوەکانی ئارش ئاوات حەمەعەلی تەمەن 12 ساڵ و محەمەد ئاوات حەمە عەلی تەمەن 8 ساڵ کەوتونەتە ناوبیرەوە.
گیانیانلەدەستداوە بەهۆی خنکانیان لەئاوەکەدا
ئەوەشی خستەڕو، پاش دەرهێنانەوەیان، هەردو براکە ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن کران و لەوێ گیانیانلەدەستداوە بەهۆی خنکانیان لەئاوەکەدا.
دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕێکخراوە
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە وتیشی، دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان لەبنکەی پۆلیسی سیروان بۆ ڕێکخراوە و لێکۆڵینەوەش لە روداوەکە بەردەوامە.