بەغدا بڕێک نەوتی سپی رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات

05:30 - 25/01/2023

3223جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا دو ملیۆن لیتر نەوت رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات و حکومەتی هەرێمیش دەڵێت، ئەو نەوتە بێبەرامبەر بەسەر هاوڵاتییان دابەشدەكرێت.

بڕەکە 60 تەنكەرە کە دەکاتە دو ملیۆن لیتر نەوتی سپی
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، ئەو بڕە نەوتەی بەغدا رەوانەی هەرێمی کوردستانی کردوە، بڕەکە 60 تەنكەرە کە دەکاتە دو ملیۆن لیتر نەوتی سپی و بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بێبەرامبەر بەسەر هاوڵاتییان دابەشدەكرێت.
30 تەنكەر بۆ پارێزگای هەولێر، دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ دابیندەکرێت
ئەوەشی خستوەتەڕو، لەم بڕە نەوتە 30 تەنكەر بۆ پارێزگای هەولێر، دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ دابیندەکرێت، هەروەها 30 تەنكەریش بۆ پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەرین دابیندەکرێت.

دوای هاتنی ئەو بڕە نەوتە، چاوەڕواندەکرێت نرخی نەوتی سپی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان دابەزێت و پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپیش خێراتر بکرێت.

نیشانەکردن

نەوت