خه‌ندان-
سێ به‌رپرسی باڵای ئۆکرانیا ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه، یه‌كێك له‌وانه جێگری سەرۆکی نوسینگەی سەرۆکایەتی وڵاته‌كه‌یه، ئه‌وه‌ش دوای ئەوەی ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بەڵێنیدا ئه‌و كه‌سانه دوربخاته‌وه، كه تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵیان له‌سه‌ره، كه له‌وه‌ته‌ی هێرشی روسیا ده‌ستیپێكردوه دۆسیه‌كانیان تۆماركراون.
بەپێی ئاژانسی AP، هه‌ریه‌كه له ڤیاچێسلاڤ شاپۆڤالۆڤ، جێگری وەزیری بەرگری، ئۆلێکسی سیمۆنێنکۆ، جێگری داواکاری گشتی و جێگری سەرۆکی نوسینگەی سەرۆکایەتی ئۆكرانیا ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه، به‌هۆی تێوه‌گللانیان له "گه‌نده‌ڵییه‌وه" له دۆسیه‌یه‌كی په‌یوه‌ست به کڕینی خۆراک بۆ هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا.
زلێنسکی بەڵێنی گۆڕینی کارمەندانی لە حکومەت و ئیدارەکانی ناوچەکە و هێزە ئەمنییەکان داب‌و
زلێنسکی بەڵێنی گۆڕینی کارمەندانی لە حکومەت و ئیدارەکانی ناوچەکە و هێزە ئەمنییەکان داب‌و دوای ئەو تێوه‌گلانیان له گەندەڵی کە له‌وه‌ته‌ی لەشکرکێشی ڕوسیا لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردودا ده‌ستیپێكردوه، سەریهەڵداوه.
سه‌رۆكی ئۆكرانیا دو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر له په‌یامێكدا سوێندی خوارد کە گەندەڵکاران دەربکات، کاتێک بریکاری وەزیرێک لە کارەکەی دورخرایەوە بەهۆی ئەوەی بەشێک بوە لە تۆڕێک کە گەندەڵی له بودجەی وڵات‌دا کردوە، دواتر وەزارەتی ژێرخانی ئۆکرانیا ئەو بەرپرسەی لە کارەکەی دورخراوەتەوە بە ناوی ڤاسیل لۆزینسکی، بریکاری وەزیری ئەو وڵاتە ناساند.
گرنگیدانی ئۆکرانیا لەسەر شەڕی روسیا نابێتە هۆی ئەوەی حکومەتەکەی لە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بوەستێنێت
لە وتاری ڤیدیۆیی شەوانەی خۆیدا، زێلێنسکی وتی کە گرنگیدانی ئۆکرانیا لەسەر شەڕی روسیا نابێتە هۆی ئەوەی حکومەتەکەی لە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بوەستێنێت.
زێلێنسکی کە لە ساڵی 2019 لەسەر پلاتفۆرمی دژە دامەزراوەیی و دژە گەندەڵی هاتە سەر دەسەڵات، ئاماژەی بە گومان لە بوارەکانی وزە و پێداویستی سەربازیدا کرد و وتی، هه‌مو ئه‌و كه‌سانه له كاره‌كانیان دورده‌خاته‌وه كه بنه‌ماكانی دادپه‌روه‌ری پێشێل ده‌كه‌ن و له دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه تێوه‌گلاون.
لۆزینسکی لە ئەرکەکانی دورخرایەوە دوای ئەوەی دەزگای دژە گەندەڵی ئۆکرانیا دەستگیریکرد
لایخۆیه‌وه ئۆلێکساندر کوبراکۆڤ، وەزیری ژێرخانی ئۆكرانیا رایگەیاند، لۆزینسکی لە ئەرکەکانی دورخرایەوە دوای ئەوەی دەزگای دژە گەندەڵی ئۆکرانیا دەستگیریکرد، لەکاتێکدا بەرتیلێکی 400 هەزار دۆلاری وەرگرتبو بەهۆی یارمەتیدانی چاککردنەوەی گرێبەستەکانی پەیوەست بە نۆژەنکردنەوەی دامەزراوە ژێرخانییەکان، کە بەهۆی هێرشە موشەکییەکانی ڕوسیا وێرانبوه.
نوسینگەی نیشتمانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی ئۆکرانیا، لۆزینسکی بە بەشێک لە "گروپێکی تاوانکاری ڕێکخراو کە بەشدارن لە گەندەڵکردنی بودجەی ئۆكرانیا" ناوبرد، و كاریش ده‌كه‌ن بۆ ناسینەوەی ئەندامانی دیکەی گروپەکە.