خەندان-
وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کۆبونەوەو بڕیاریاندا لیستێکی دیکە سزاکان بەسەر ژمارەیەک کەسایەتی و دامەزراوەی ئێراندا بسەپێنێت، بەهۆی خراپ مامەڵەکردنی دەسەڵاتدارانی تاران لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە.
بڕیاردرا سزای نوێ بەسەر ئێراندا بسەپێنرێت
سەرۆکایەتی سوید لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپادا بڕیاردرا سزای نوێ بەسەر ئێراندا بسەپێنرێت، بەتایبەت ئەو دامەزراوانەی کە بەرپرسیارن لە "سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران".
سزا بەسەر 37 کەسایەتی و دامەزراوەی ئێراندا دەسەپێنرێت
پێشتریش ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا سزا بەسەر 37 کەسایەتی و دامەزراوەی ئێراندا دەسەپێنن کە تۆمەتبارن بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.
ناکرێت سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە
لەماوەی رابردوشدا پەرلەمانی ئەوروپا دەنگیدا لەسەر زیادکردنی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ لیستی "تیرۆر"ـی یەکێتی ئەوروپا، پەیوەست بەم بابەتەش جۆزیف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند، بەبێ بڕیاری دادگا و بەڵگەی سەلمێنەر، ناکرێت سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە.